به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 1ی ئهیلوول کاتژمێر 10:30 خوله‌ک فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی شانۆی سه‌ر شه‌قام له پارکی (شانۆ)ی مه‌ریوان به ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ندانی کورد و ئێرانی و گرووپه شانۆیییه‌کان ده‌ستی به کاره‌کانی کرد.
سێزده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵی شانۆی سه‌ر شه‌قامی مه‌ریوان هه‌تا ڕۆژی سێشه‌ممه 4ی ئه‌یلوولی 2018 ماوه‌ی چوار ڕۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌و ماوه‌یه‌دا 39 شانۆ له حه‌وت به‌شی جیا، سه‌رجه‌م 112 جار له شوێنه گشتییه‌کانی مه‌ریوان نمایش ده‌کرێن.
به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی شانۆی سه‌ر شه‌قامی مه‌ریوان بریتین له 20 شانۆ له به‌شی پێشبڕکێی ئازاد، چوار شانۆ له به‌شی ئایینی- نه‌ریتی، پێنج شانۆی بیانی، چوار شانۆ له به‌شی منداڵان و مێرمنداڵان، چوار شانۆ له به‌شی مروور و دوو شانۆش له به‌شی تایبه‌تی میوانه‌کان پیشان ده‌درێن.
له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی شانۆی سه‌ر شه‌قامدا جیا له چه‌ند به‌رهه‌مێکی بیانی دوو به‌رهه‌می شانۆییی هونه‌رمه‌ندانی هه‌رێمی کوردستان که بریتین له: "شانۆی بڕگه‌یێک له کتێبێک" له نووسینی ئارام ساڵح و ده‌رهێنانی شه‌ماڵ ئه‌حمه‌د و شانۆی "مافی من کوا؟" له نووسین و ده‌رهێنانی هونه‌ر تاهیر به‌شدارن و نمایش ده‌کرێن.
شایانی باسه د. قوتبه‌دین سادقی هونه‌رمه‌ندی شانۆکاری ناسراوی کورد، ئه‌سغه‌ر هێمه‌ت، مه‌حموودڕه‌زا ڕه‌حیمی، ئیره‌ج ڕاد و فاتێح بادپه‌روا، هونه‌رمه‌ندی شانۆی کورد و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فێستیڤاڵی شانۆی سه‌ر شه‌قام داوه‌رانی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment