سه‌عدی پیره‌: پۆستی سه‌رۆک كۆمار پشكی یه‌كێتییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی ڕه‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێت: "یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراق به‌ پشكی خۆی ده‌زانێت و ئه‌ندامی خۆی كاندید ده‌كات بۆ ئه‌و پۆسته‌ نه‌ک كه‌سێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان پشگیری بكه‌ن به‌ڵكوو یه‌كێتی پاش كاندید كردنی ئه‌ندامێكی خۆی داوا له ‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات كه‌ پشتگیری له‌ كاندیده‌كه‌ی بكه‌ن."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی هه‌ینی 31ی ئابی 2018 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ میانه‌ی وتوێژێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكادا ڕای‌گه‌یاند: "یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق به ‌پشكی خۆی ده‌زانێت و ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت له‌سه‌ر كاندید بوونی د.به‌رهه‌م خۆی كاندید بكات ته‌نها قسه‌یه‌ و باس ده‌كرێت، دووه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌ به‌شی یه‌كێتی بێت ئه‌وا یه‌كێتی ئه‌ندامێكی خۆی كاندید ده‌كات. ئێمه‌ كه‌سێک كاندید ناكه‌ین كه‌ كاندیدی هه‌موو لایه‌نه‌كان بێت ته‌نها داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ پشتیوانی له‌و کاندیده‌ بکه‌ن كه‌ ئه‌ندامی ئێـمه‌یه‌ و خۆمان كاندیدی ده‌كه‌ین، له‌لایێكی‌تره‌وه‌ تا ئێستاش له ‌ناو یه‌كێتی باسی خۆكاندیدكردنی د.به‌رهه‌م نه‌كراوه‌ بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئێستا قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نها بۆ بازاڕخۆشكردنه‌ ئه‌گه‌رنا هیچ واتایێكی واقیعی نییه.‌"

وته‌بێژی فه‌رمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌: "یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ (پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراق) به‌ به‌شی خۆی ده‌زانێت چوونكه‌ له‌ ڕابردووشدا به‌پێی ڕێککه‌وتننامه‌یێک پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم درابوو به ‌پارتی دیموكراتی كوردستان و‌ پۆستی سه‌رۆک كۆماریش درابوو به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاسته‌ ئێستا مه‌سعوود بارزانی ده‌ستی له ‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام خۆ مه‌به‌ستمان له‌ كه‌سه‌كه‌ نه‌بوو به‌ڵكوو له‌ بابه‌تی دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كاندا له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی هیچ له ‌بابه‌ته‌كان نه‌گۆڕاوه‌ چوونكه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دراوه‌ به ‌سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه.‌"

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌وه‌شی وت: "نه‌مبیستوووه‌ د.به‌رهه‌م داوای كردبێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی. ئه‌و بابه‌ته‌ كاتێک گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م خۆی داوا بكات بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی و‌ من پێم وانییه‌ هاتنه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی یا چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له ‌یه‌كێتی په‌یوه‌ندی به‌ مه‌رجه‌وه‌ هه‌بێت مه‌رج پێویست ناكات."

سه‌عدی پیره‌ له‌باره‌ی داخستنی كه‌ناڵی خه‌ندان و خۆ ئاماده‌كردنی د.به‌رهه‌م بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک كۆمار وتی: "داخستنی كه‌ناڵی خه‌ندانم نه‌مبیستوووه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ندان دابخرێت په‌یوه‌ندیی به ‌هۆكاری ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک هۆكاری‌تر چوونكه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و مه‌سره‌فانه‌ نه‌كات له ‌دوای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، وه‌ک وتم خه‌ندان له‌به‌ر ئه‌وه‌ داده‌خرێت نه‌ک مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌وه‌ی ناو یه‌كێتی."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌و پێیه‌ی هه‌فتانه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌، ڕای پارتی چیه‌ له‌سه‌ر كاندید كردنی كه‌سێكی كورد له ‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراق؟ سه‌عدی ئه‌‌حمه‌د پیره‌ وتی: "ئه‌و باسه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ناكرێت ئه‌و كاته‌ی پێویست بكات كاندیدێک پێشكه‌ش بكه‌ین كاندیدی خۆمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین. بۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت واته‌ چی قه‌وماوه‌؟ ئێمه‌ كاندیدمان له ‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌بێت و كاندیدمان ده‌بێت ئه‌ندامی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت و لایه‌نه‌كانی‌تر پشتیوانی لێده‌كه‌ن."

له‌باره‌ی كاندیدی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆک كۆماری عێراقیش ده‌ڵێت: "ئێستا ناتوانم هیچ بڵێم چوونكه‌ كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی كۆ بوووه‌وه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان كاندید كردوووه‌ بڕیار له‌سه‌ر یه‌كێكیان ده‌دات."

سه‌عدی پیره‌ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ ده‌شڵێت: "ڕای یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌ كردوووه ‌و لیستمان هه‌یه‌ و پاره‌ی پێویستێش بۆ هه‌ڵبژاردن ته‌رخان كردوووه‌، سه‌رۆكی لیستمان به‌ڕێوه‌یه‌ كاری بۆ ده‌كات به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی‌تر داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن ئێمه‌ پشتگیرییان ده‌كه‌ین."

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37720

Your Comment

You are replying to: .
captcha