بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوسینگەی ڕاگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، هاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازیی کرد لە ئۆلیڤییێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان لەبارەی پێشھاتە سیاسییەکان، ھەلومەرجی دوای ھەڵبژاردن، قۆناغی نوێی ئەرک و بەرپرسیارێتی خەباتی سیاسی، بافڵ تاڵەبانی تێڕوانینە سیاسییەکانی خستەڕوو.
وەک لە ڕاگەیەندراوی نوسینگەی هاوسەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بەخواستی یەکێتی کرد بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانیی و تەوافق، کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموو لایەک بێت.
ناوبراو پەرۆشیی یەکێتیی دەربڕیوە پێکهینانی حکوومەتێک کە لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات.
تاڵەبانی هەروەها جەختی کردووەتەوە لەوەی، کە پەرۆشی ئەوەن کورد بەیەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچنە بەغدا و بۆ ئەوەش دەست پێشخەری یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێزەسیاسییە کوردستانییەکان دەکەن و دەیانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بکەنە خزمەت ئامانجە باڵاکان.
Your Comment