کوردپرێس:
حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون لە سەر ئەوەی بازگەیێکی هاوبەش لە سەر ڕێگای کەرکووک هەولێر بکەنەوە و ئەوەش یەکەم هەنگاوی کرداریی هاوبەشی نێوان دوو لایەنەکەی پاش ڕووداوەکەی 16ی ئەکتەوبر کە شەڕێکی بە نیبسەت قورسیشی تێدا کرا.
ڕێککەوتنەکەی 9ی ئاب بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی گەورەتر کە لە سەر بەستنی پردێکی ئاسن لە پردێ و لە سەر ڕێگای کەرکووک بۆ هەولێر کراوە و 16ی ئاب پردەکە دانراوە ئەوەش لە جێگەی ئەو پردەی کە لە شەڕەکەی 16ی ئەکتەوبر خەساری بەرکەوتبوو. بەرپرسەکانیش بەڵێنیان داوە ڕۆژی 21ی ئاب کە جەژنی قوربانە ئەو جادەیە تەواو بکرێت و بکرێتەوە.
ژنەڕاڵ سالار تەیموور فەرماندەی هێزی تایبەتی کورد لە کەرکووک لەو بارەیەوە بە ئەلمانیتۆری وتووە: دیدار و چاوپێکەوتنی زۆر لە نێوان کورد و دەوڵەتی مەرکەزی لە کەرکووک و بەغدا و پردێ ئەنجام درا تاوەکوو دوو لایەن گەشتن بەو ئەنجامە کە ڕێگاکە بکرێتەوە.
ناوبراو زیادی کرد: دوو لایەن ڕێککەوتوون لە سەر ئەوەی پشکنین بۆ ئەو ئوتومبێل و کەسانە بکەن کە لە کەرکووکەوە بۆ هەولێر دەڕۆن و هێزەکانی دەوڵەتی فیدراڵیش بە پێچەوانەوە دەتوانن ئەو ئوتومبێل و کەسانەی لە هەولێرەوە بەرەو کەرکووک دەچنن بپشکنن.
سالار تەیموور گوتیشی تەنها هێزی خۆجێیی و پۆلیسی فیدراڵ پارێزگاری لە جادەکە دەکەن و لایەنی کوردی مکووڕ بوو لە سەر ئەوەی نەهێزی سوپای عێراق و نە حەشدی شەعبی و نە دژەتیرۆر هیچیان لەو ناوچەیەدا نەبن و بەڵێنی ئەوەشی بە لایەنی عێراقی داوە کە کورد ناوچەکە ناکات بە بنکە و سەنتەری سەربازی بەڵکوو لە ئاستی هەمان سەیتەرەدا دەیهێڵێتەوە.
ژمارەیێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا گوشاری خستۆتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ کورد دەست پێبکاتەوە و بەو مەبەستەش ڕێگە بە پێشمەرگە بدات کە بگەڕێتەوە کەرکووک بەڵام حکوومەتی عێراق ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە.
مایکڵ نایتس چاودێری سیاسی لە ئەنستیتۆ واشەنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک لەو بارەیەوە بە ئەلمانیتۆری وتووە: "لەو بارەیەوە هیچ گوشارێک لەلایەن ئەمریکاوە بوونی نییە." و تەنانەت ناوبراو کە ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە عێراقیشە بە دووری دەزانێت کە ڕێگە بە پێشمەرگە بدرێت بگەڕێتەوە کەرکووک.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینی دەکەن ژمارەی ئەندامانی داعش کە لە عێراق ماوەن دەگاتە 20 هەزار بۆ 30 هەزار ئەندام و دەتوانن خۆیان یەک بخەنەوە.
نایتس دەشڵێت: گوشاری زۆر بە سەر هێزی عێراقییەوە دەبینرێت. پێ دەچێت سەرکردە عێراقییەکان کەتیەی زێڕین یا لیوای دژەتیرۆر لە کەرکووک بکشێننەوە لەبەر ئەوەی ئەو هێزانە لە جێگاکانی دیکەدا بەکەڵکن و پێویستیان پێیانە بۆیە پێشمەرگە دەتوانێت بگەڕێتەوە کەرکووک و ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچەکە بە ئەستۆ بگرێت.
لەم دواییەدا داعش چەند هێرشی تیرۆریستیی لە باشووری کەرکووک ئەنجام داوە و جادەی نێوان کەرکووک بۆ بەغدا مەترسیی زۆری لە سەرە.
بە وتەی سالار تەیموور پێشمەرگە ناوچەکەی بە باشی دەناسی و ئاسایشی ئەو ناوچەیەی بە باشی دابین کردبوو بەڵام پاش 16ی ئەکتەوبری 2017 دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تووشی مەترسی بوو.
زۆر سەیر بوو کە ڕێکخراوی بەدر ڕەزامەندیی بەرانبەر بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک پیشان ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبردا شەڕی چەکداریی بەرانبەر بە پێشمەرگە کرد.
مەهدی بەیاتی بەرپرسسی لقێکی ڕێکخراوی بەدر لە باکوور ڕۆژی 14ی ئاب وتی: لقی باکووری ڕێکخراوی بەدر دژ بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک نییە لە بەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە ژێر کونتڕۆڵی دەوڵەتی مەرکەزی و لە پێر چاودێریی سەرکردایەتیی ئوپەراسیۆن و فەرماندەییی هێزی چەکداری عێراقدا دەبن.
ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی وتوویەتی بەرەی تورکمان لە ئەساسدا دژ بە گەڕانەوەی پێشمەرگەیە و پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک ناڕەزاییی چەندین لایەنی لێدەکەوێتەوە.
ئەوانەی سەر بە حەشدی شەعبین بڕوایان وایە ئایدیای گەڕانەوەی پێشمەرگە خەیانەتە و ئەوەش پاش ڕاگەیاندنی ئیتفاقی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەر ئوپەراسیۆنی هاوبەشی پردێ تەشەنەی سەندووە. ئیتفاقی نێوان بەغدا و هەولێریش پاش ئەوە هات کە دەوڵەتی ناوەند ڕایگەیاند حەشدی شەعبی لە پارێزگای نەینەوا پاشەکشەی پێدەکرێت.
پێ دەچێت ئەم کۆمەڵە ڕووداوەی ئێستا لە ناوچەکەدا ڕوودەدات کارتێکەر بێت لە باڵانسی دەسەڵاتی لە ناوچە جێناکۆکەکان و گومانی تێدا نییە کە دژایەتی کردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک لە بەرژەوەندیی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەی دەوڵەمەند و کانە نەوتی کەرکووک نییە.
سەرچاوە: ئەلمانیتۆر
نووسەر: حەمدی مالیک
Your Comment