کوردپرێس:
ئیلهام ئەحمەد لە لێدوانێکدا بۆ ڕووسیا تودەی ئاماژەی بەوەش کرد، دیدارەکە کۆبوونەوە بوو لە نێوان شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات و شاندێکی حکوومی، لە چوارچێوەی زانینی ئامادەباشیی دیمەشق بۆ دەستپێکردنی قۆناغی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بە تەواوەتی.
کۆبوونەوەکە کە مانگی ڕابردوو ئەنجام دراوە، بە وتەی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، چەندین دۆسیەی تیا تاوتوێ کراوە، لەوانە دەستوور و خزمەتگوزارییەکان، و ئەوان سوور بوون لەسەر ئەوەی لامەرکەزی لە سووریا ڕاستترین چارەسەرە بۆ ڕزگارکردنی وڵات لەو قەیرانانەی تێی کەوتووە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتوون لەسەر پێکهینانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەردوولا، کە ئەرکی بەدواداچوونی بابەتەکانی تایبەت بە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ناوچە جیاجیاکانی سوریا بەتایبەتیش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، تێبینییان کردووە کە هیچ پەرچەکردارێکی ڕەتکردنەوە نەبووە لەلایەن حکوومەتی سووریاوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچە کوردییەکانی وڵات.
ئیلهام ئەحمەد جەختیشی کردەوە، بابەتی ڕادەستکردنەوەی ناوچەکانیان بە دیمەشق لە گفتوگۆکانی ئێستادا لەئارادا نییە و زۆربەی ئەو بابەتانەی کە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا باسیان لێوە کراوە لەگەڵ شاندی حکوومەت، لە دیدارەکانی داهاتوودا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
ئەو وتانەی ئیلهام ئەحمەد لەکاتێکدایە، دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوە کرد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کۆبووەتەوە، کاتێک بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی دیمەشقی کردووە، بەڵام ناوبراو ڕەتی کردەوە دیداری لەو شێوەیەی ئەنجام دابێت.
Your Comment