مورته‌زا عیبادی: ئێران خوازیاری ته‌بایی و یه‌کڕیزیی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کونسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر و لێپرسراوی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ته‌بایی و یه‌کڕیزیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کرایه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 18ی ئابی 2018 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر پێشوازی كرد له‌ مورته‌زا عه‌بادی كونسووڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر و له ‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا وێڕای ته‌ئكید كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر توند و تۆڵ كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان بیروڕا له‌باره‌ی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی و سه‌ربازیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ ئاڵوگۆر كرا.

له‌ دیداره‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاینده‌ی نه‌خشه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له ‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرا به‌تایبه‌تی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و ھه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا له‌لایێک و ھێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌لایێكی‌تر بۆ پێكھێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ سه‌رنج و گۆشه‌نیگا و تێروانینه‌كانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستانی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی گشتیی سیاسیی عێراق و كوردستان و ناوچه‌ بۆ وه‌فدی میوان خسته‌ ڕوو و ڕای‌گه‌یاند: یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و عێراقه‌ به‌تایبه‌تی، ھاوكات له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ری یاسا و په‌یره‌و كردنی خاڵ و به‌ند و بڕگه‌كانی ده‌ستووری ھه‌میشه‌ییی عێراقدایه‌ كه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ و بنه‌ما و مه‌رجه‌عی یاسایی ڕێكخستنی كاروباری وڵاته‌.

دواتر مورته‌زا عیبادی سه‌ركونسووڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ‌هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ خوازیاری ته‌بایی و یه‌کڕیزیی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانن و به‌و هیوایه‌شن كه‌ حكوومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان هیچ كێشه‌ و گرفتێكیان نه‌مێنێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی هه‌موو لایێک هه‌م له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر و هه‌م له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كان سه‌ركه‌وتووانه‌تر به‌ڕێوه‌ بچێت.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 37440

Your Comment

You are replying to: .
captcha