ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە بکەن

بەشی تورکیا- موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، تورکیا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا گازی کیمیایی لەدژیان بەکاردەهێنێت و داوای لە دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لێکۆڵینەوە لەوبارەوە بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موراد قەرەیلان، ئەندامی سەرکردایەتیی پەکەکە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە لەلایەن تورکیا دژی بە چەکدارەکانیان وتی: هیچ گومانی تێدا نییە کە تورکیا لە هەرێمی کوردستان چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.

ناوبراو وتیشی: هەپەگە چەندین جار ڕاگەیەندراوی بڵاو کردەوە، بەڵگە هەیە، دیمەن هەیە، لە دیمەنەکان دیارە، بەتایبەت هەندێک لەو دیمەنانە لەناو تونێلەکاندا تۆمارکراوە، دیمەنی دەرەوەی تونێلەکانیش هەیە، هەندێک ئامێر هەن، کە جەخت لە بەکارهێنانی گازی کیمیایی دەکەنەوە، بەمشێوەیە چەندین بەڵگە هەیە و هەپەگەش زۆربەی ئەو بەڵگانەی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە، هەندێک پاشماوەی تەقەمەنی لەدەستی ئێمەدایە ئەویش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

ئەندامی سەرکردایەتیی پەکەکە وتیشی: هێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بێنە ئەو هەرێمانەی کە چەکی کیمیایی تێیدا بەکارهاتووە، لە بەشێک لەو هەرێمانەی کە چەکی کیمیایی تێیدا بەکارهاتووە پارتی لێیە.

لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: تورکیا یاسای نێودەوڵەتی شەڕ پێشێل دەکات و تاوان ئەنجام دەدات، پیویستە دامودەزگاکانی بەرپرس چاویان لەئاست ئەم تاوانە دانەخەن و دەستوەردان بکەن، ئەگەر بێن لێکۆڵینەوە بکەن ئەوا شاهیدی دەدەن، توانای ئێمەش ئەوەندەیە، ئێمە پێشتریش لە گارە بانگەوازیمان کرد، ئێستاش جارێکی دیکە بانگەوازیی دەکەن، شاندەکان دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەن و شتی باوەڕپێکراو دەست بخەن.

News Code 3741

Your Comment

You are replying to: .
captcha