بەرهەم ساڵح: عێراق به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌روانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند عێراق به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌روانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای ھاریکاری ھاوبه‌شی ھه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌میانی وه‌رگرتنی کارنامه‌ی باڵیۆزانی نوێی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و چێک رایگه‌یاند: ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌نگاوێکی گرنگه‌ بۆ پێکهێنانی په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی کارای کاریگه‌ر که‌ بتوانێت داواکارییه‌ ره‌واکانی خه‌ڵک بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشگوزه‌ران دابین بکات.

له‌میانی پێشوازی کردنی له‌ باڵیۆزانی ئه‌ڵمانیا و چێک به‌جیا سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌ختی کرده‌وه‌، "عێراق به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌روانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای ھاریکاری ھاوبه‌شی ھه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌کانی تیرۆر و ریشه‌کێشکردنی گه‌نده‌ڵی و که‌م کردنه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانی گۆڕانی که‌شوھه‌وا و پاراستنی ژینگه‌.

له‌ دیداره‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح دووپاتیکرده‌وه‌ له‌گرنگی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌ ڕووی ئابووری و بازرگانی و پشتیوانی له‌ ده‌رفه‌تی وه‌به‌رھێنان به‌ ئاڕاسته‌ی به‌ھێزکردنی دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی عێراق.

ھه‌ر له‌ دیدارکه‌دا، سه‌رۆک کۆماری عێراق ھیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست له ‌جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه‌ نوێیه‌کانیان، به‌جۆرێک ببێته‌ مایه‌ی به‌ھێزکردنی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و ھه‌ماھه‌نگی نێوان عێراق و وڵاته‌کانیان.

له‌لای خۆیانه‌وه‌، ھه‌ردوو باڵیۆز ئه‌ڵمانیا و چێک سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق کرد، ھه‌روه‌ھا پشتیوانی وڵاته‌کانیان بۆ عێراق دووپات کرده‌وه‌ و جه‌ختیشیان کرده‌وه‌ له‌پێویستی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق له‌بواره‌ جیاجیاکان، له‌پێناو پته‌و کردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کان.

News Code 3723

Your Comment

You are replying to: .
captcha