بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەدا ڕایگەیاندووە، ئێستا دوای تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، قۆناغێكی نوێ دەست پێ دەكات، هیوادارم هەموو ئەو بەربژێرانەی متمانەی هاووڵاتییانی كوردستان بە دەست دەهێنن و دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە یەكدەنگی و پێكەوە، كاربكەن لە پێناو داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و پەرەپێدانی كولتووری دیموكراسی و ڕێزگرتن لە پرنسیپەكانی هاوبەشیی و هاوسەنگی و سازان، لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدرالی لە عێراقدا.
مەسرور بارزانی جەختیشی كردووەتەوە، كە خوازیارە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پشت لە ململانێ ناوخۆییەكان بكەن و هەموویان لە بەغدا بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی، كار بكەن بۆ ئەوەی، پێگەی هەرێمی كوردستان، لە عێراقی فیدرالدا بەهێز ببێت و مافە دەستورییەكانی كوردستانییان دەستەبەر بكرێن.
لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە: پەيوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەردوولاش هاوڕابوون لە سەر گرنگیی لێكۆڵینەوە و بە دواداچوون كردن بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف و لەكاتێكی دیاریكراودا، بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی كە لە كاتی پڕۆسەی دەنگداندا ڕوویاندا.
Your Comment