دوای رێککه‌وتنی شنگال، ناوچه‌که‌ زیاتر که‌وتووه‌ته‌ ده‌ست په‌که‌که‌ و گرووپ و میلیشیاکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاندووه‌، دوای رێککه‌وتنی شنگال، ناوچه‌که‌ زیاتر که‌وتووه‌ته‌ ده‌ست په‌که‌که‌ و گرووپ و میلیشیاکان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی حکوومه‌تی فیدراڵ بێ توانان به‌رامبه‌ریان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی ساڵێک به‌سه‌ر رێککه‌وتنی ئاسایی کردنه‌وه‌ی ره‌وشی شنگال، وەزارەتى ناوخۆی هەرێم راگه‌یه‌ندراوێکی بڵاو کرده‌وه‌ ئاماژە بەوە کردووە، پاش سالێک لە واژوو کردنی رێککەوتنامەی شنگال، هیچ هەنگاوێکی کرداری لە سەر زەوی بەدی نەکراوە و رۆژ بە رۆژ گرووپەکانی سەر بە پەکەکە و بە چاوپۆشیی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق پێگە و دەسەڵاتی خۆیان لەو ناوچەیە بەهێزتر دەکەن.

هەروەها وەزارەتى ناوخۆی هەرێمی کوردستان باسى لەوە کردوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ گەیشتن بەو رێککەوتننامە لە پێناو ئاسایی کردنی بارودۆخی شنگال و رەخساندنی کەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بۆ سەر زیدی باب و باپیرانیان تا بتوانن دووبارە دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە.

وەزارەتى ناوخۆی هەرێم دەشڵێت، ناوچەی شنگال لە پاش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆەبەرەوە کەوتۆتە دەست چەکدارانی پەکەکە و کۆمەڵێک گرووپی چەکداری بەدەر لە یاسا کە رێگر بوونە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئیدارەی شەرعی بۆ ناوچەکە، کە چی پاش ساڵێک لە ئیمزا کردنی ئەو رێککەوتننامەیە دەبینین کە ناوچەکە زیاتر کەوتۆتە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەکداریانە و هێزەکانی ئەمنیی فیدڕاڵی بێ توانا لە بەرامبەریان دەردەکەون.

هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: هەر وەک لە رۆژانی رابردوو دا گرووپەکانی سەر بە پەکەکە و لە پێش چاوی هێزە عێراقییەکانەوە رێگریان کردووە لە چوونی کاندیدانی پەرلەمانی عێراق بۆ ناوچەکە و مافی بانگەشەی هەڵبژرادنیان لێ زەوت کردووە کە پیچەوانەی هەموو یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵییەکانە و دژی ئازادیی سیاسی و سەروەریی یاسایە.

لە راگەیەنراوەکەیدا وەزارەتى ناوخۆ راشیگەیاندووە، بە رای گشتی ناوخۆیی و جیهانی رادەگەیێنین کە ماوەی بەردەم جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی شنگال هەروا بە کراوەیی نیە و ئەم هەموو کات بە فێروو دانە خزمەتی هیچ لایەنێک ناکات و زەرەرمەندی سەرەکیی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەکە تەنیا هاوڵاتییانی ناوچەکە و سەروەریی نیشتمانیی عێراقە.

وەزارەتى ناوخۆ داواش لە حکوومەتی فیدڕالی دەکات بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکەن و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن کە بەردەوام بن لە بەدواداچوونی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەکە، چوونکە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو لایەکمانە مافی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال زامن بکرێت و کوتایی بە باری نائاسایی و سەپێنراو بە سەر ناوچەکە بهێنرێت.

News Code 3604

Your Comment

You are replying to: .
captcha