کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق: په‌که‌که‌ پلانی هه‌یه‌ کێشه‌ بۆ پڕۆسەی دەنگدان لە شنگال بنێته‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: هێزەکانی سەربە په‌که‌که‌ پلانیان هه‌یه‌ لە ڕۆژی دەنگداندا کێشه‌ بۆ پڕۆسەی دەنگدان لە شنگال دروست بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان ده‌خیل بە تەلەفزیۆنی کوردستان 24ی ڕاگەیاند: "ئه‌و کاته‌ی ئێمه‌ ده‌مانویست بگه‌ینه‌ شه‌رفه‌دین و شنگال و به‌ مافێکی شه‌رعی خۆمان بانگه‌شه‌ بۆ خۆمان بکه‌ین، خه‌ڵکانێک رێگرییان له‌ ئێمه‌ ده‌کرد، ئه‌وکات کازمی له‌ لیژنه‌ی ئاسایشی هه‌ڵبژاردن دانیشتبوو و ده‌یگوت، قه‌ده‌غه‌یه‌ هه‌ر که‌سێک رێگری له‌وانه‌ بکات که‌ ده‌یانه‌وێت بانگه‌شه‌ بکه‌ن".

ڤیان ده‌خیل رووی قسه‌کانی له‌ کازمی کرد و گوتی: "باشه‌ ئه‌وه‌ رێگریمان لێکرا و نه‌مانتوانی بگه‌ینه‌ شه‌رفه‌دین و شنگال و بانگه‌شه‌ بۆ خۆمان بکه‌ین، به‌ڕێز کازمی تۆ بۆ ئه‌و رێگریه‌ی له‌ ئێمه‌ کرا چی ده‌که‌یت؟! ئه‌و رێگریه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئێمه‌ کرا، مانای داگیرکردنی شنگاله‌، ئه‌مه‌ هێزێکی بیانییه‌ شنگالی داگیرکردووه‌ و رێگه‌یان نه‌دا بگه‌ینه‌ ئه‌و شوێنه‌".

ڤیان ده‌خیل پرسیار ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌و رێگرییه‌ بکه‌ن، ئه‌ی بۆ رۆژی ده‌نگدان ئه‌وان چی ده‌که‌ن؟! ئه‌مه‌ مانای وایه‌ بۆ رۆژی ده‌نگدانیش پلانێکیان بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ رێگه‌ به‌ خه‌ڵک نه‌ده‌ن به‌ خواست و بژارده‌ی خۆیان به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا بکه‌ن.

دووپاتیشی کرده‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ک پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن سکاڵای خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ تۆمار ده‌که‌ین، که‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ باڵاده‌ستن.

گوتیشی: ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ کراوه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌، له‌ یاسای هه‌ڵبژاردندا قه‌ده‌غه‌یه‌ رێگری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هیچ کاندید و لایه‌نێک بکرێت.

ڤیان ده‌خیل ئه‌و رووادوه‌ی ئه‌مڕۆی بۆ لاوازی و بێتوانایی حکوومه‌تی عێراقی و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی عێراقی به‌رامبه‌ر ئه‌و گرووپ و لایه‌نانه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، که‌ هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر شنگال و ده‌وروبه‌ریدا سه‌پاندووه‌.

News Code 3566

Your Comment

You are replying to: .
captcha