جۆ بایدن جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە سەقامگیری درێژخایەن لە عێراقدا

بەشی جیهان- کۆشکى سپى رایگەیاند، جۆ بایدن لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە سەقامگیری درێژخایەن لە عێراقدا.

کوردپرێس: بەپێی راگەیەنراوێکى کۆشکى سپى، بایدن لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق کۆبووەوە و پـێکەوە تاوتوێی پتەو کردنی پەیوەندیـیە دووقۆڵیـیەکان و چڕکردنی هاوکاریـیەکانیان کردەوە لە دەستپـێشخەریـیە دیپـلۆماسیـیە هەرێمیـیەکاندا.

ئاماژە بەوەش کراوە، بایدن جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە سەقامگیری درێژخایەن لە عێراقدا. هەردوو سەرۆک کۆمار ڕێزی خۆیان دووپات کردەوە بۆ دیموکراسی لە عێراق و سەروەری یاسا و هەوڵەکانی دەدرێن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی متمانەپـێکراو و شەفاف لە مانگی دەدا.

بایدن ستایشی دەستپێشخەرییەکانی ئەم دواییەی کرد، وەکوو کۆبوونەوە لوتکەیـیە هەرێمیـیەکەی بەغدا و سەردانە مێژوویـیەکەی پاپا فڕانسیس بۆ عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا وەک هێمایەکی گرنگ بۆ بەشداریـیەکانی عێراق لە سەقامگیری هەرێمی وە لێبوردەیی لە نێوان ئاینەکاندا.

لای خۆیەوە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەو دیدارە کردووە و ڕایگەیاند: بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی سێشەممە 21ی ئەیلولی 2021 لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆ کراوە.

ئەوەش هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێکارەکانی بەهێز کردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا لەچوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پشتیوانی لە رێکخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەری دور لە ساختەکاری، ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق بە گرنگییەوە دەروانێتە پتەو کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ژینگەیی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات.

بەرهەم ساڵح ئەوەشی خستوەتەڕوو، عێراق کار دەکات بەئاڕاستەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ھاوسەنگەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان، ھاوکات باسی لە رۆڵی گرنگی عێراق کرد بۆ ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوەش كردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جۆ بایدن پێشکەوتنەکانی عێراقی بەرزنرخاند رووەو پاراستنی سەقامگیری و هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا پشتیوانی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئابوری، ھاوکات جەختی کردەوە لە پێویستی کار و ھەماھەنگی ھاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا، لە پێناو بەرژەوەندی ھەردوو وڵات و گەلی دۆستدا.

News Code 3444

Your Comment

You are replying to: .
captcha