بەپێی هەواڵی کوردپرێس؛ ڕۆژی دووشهممه 20/9/2021 سەزایی تەمەللی، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، گوتبووی لایەنی سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئیمیڕاڵییە، بەڵام لە لایەن هەدەپەوە رەخنەیێکی زۆری لێ گیرا و دەمیرتاشیش بووە بەشێک لەو رەخنانە و وەڵامی تەمەللی داوەتەوە.
دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمهڵایهتیی توویتەر نووسیوویەتی: "بە دڵنیاییەوە هەدەپە، ئەو پارتەیە کە لایەنی سەرەکیی چارەسەرکردنی هەموو کێشەیەکە لە تورکیا، بە تایبەت کێشەی کورد. هەدەپە خاوەنی ئەو سیاسەتەیە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، بە شێوەیێکی کراوە و شەفاف بۆچوونی لایەنی بەرامبەر وەردەگەرێت، بەڵام بە شێوەیەکی سروشتی ئادرێسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد پەرلەمانی تورکیایە".
لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا، دەمیرتاش ئاماژەی داوە، ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا دەهێنرێنە بەرباس، بێسوودن و هیچ ئەنجامێکیان بۆ چارەسەر نابێت.
هەموو ئەو وەڵام و وەڵامدانهوهی سیاسییەکانی تورکیا، لەبارەی ئەوەی کێ لایەنی سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە، لەوەوە سهرچاوهی گرت، کە کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، گوتی: لایەنی شەرعی چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەدەپەیە نەک ئیمڕاڵی کە مەبەستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە.
Your Comment