بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێبوار حەمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دەڵێت "چاوەڕێی ئەوەین، دەنگەکانمان زیاد بکات و کورسی زیاتر بهێنین، چوونکە نوێنەرەکانمان لەبەغدا بەڵێنەکانیان جێبەجێ کردووە، نزیکایەتیشمان لەگەڵ خەڵک و چین و توێژەکان پاراستووە."
سەبارەت بە هۆکاری پێکێنەهێنانی هاوپەیمانێتی هێزە ئیسلامیەکان، لەکاتێکدا پێشتر قسەوباسی لەبارەوە کراوە، ڕێبوار حەمەد وتی "ڕەنگە هەوڵدرابێت، بەڵام نە ئێمە و نەهێزە ئیسلامیەکانی تر، بازنەکانمان پڕ نەکردووەتەوە و لەهەموو بازنەیێک کاندیدمان نیە، ئێمە لە 5 بازنە، کاندیدمان هەیە و چاوەڕوانین کاندیدەکانمان سەربخەین، بۆ ئەو بازنانەشی کاندیدمان نیە، ڕێنمایی دەدەینە دەنگدەرەکانمان چۆن دەنگ بدەن."
بەرپرسانی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەبەوەدەکەن لەیەکگەیشتنیان لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکان هەیە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی یەکتری لەکاتی هەڵبژاردندا، لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی کۆمەڵی دادگەری وتی"ئێمە لە 5 بازنە کاندیدمان هەیە، لە وادەی خۆیدا، قسەمان بۆ دەنگدەرەکانمان دەبێت."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری ڕوونیشیکردەوە، ئامادەکاری بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری دەکەن، چوونکە قوربانی دەستی ساختەکاری بوون لەڕابردوودا، وتی "ئەوانەی ساختەکاری دەکەن، هێزە حوکمڕانەکانن و متمانەیان بەدەنگی خەڵک نەماوە، ئەوەی لەڕێگەی کڕینی ئیرادە و هەڕەشە و فشارەوە ناتوانن بیکەن، لە ڕێگەی ساختەکاریەوە دەیانەوێت جێبەجێی بکەن."
دەربارەی چۆنیەتی خۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕێگرتن لەساختەکاری، ڕێبوار حەمەد وتی "لەو بازنانەی کاندیدمان هەیە، چاودێر دادەنێین تا بەچڕی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، لەهەڵبژاردنی پێشووی عێراقیشدا ساختەکاری زۆر کرا، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆکارێک هێزەکان هەڵوەستەی جدی بکەن، تا هەموومان پێگەوە ڕێگری لەساختەکاری بکەین."
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری جەختی کردەوە مەرج نیە چاودێریان لەو بازنانە نەبێت، کە کاندیدیان نیە، ئەوان مافی خۆیانە چاودێریەکانیان چڕ بکەنەوە.
Your Comment