سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى لۆردانى به‌ريتانيا کۆبووه‌وه

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچيرڤان بارزانى، له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ لۆرد جۆن ماکفۆل، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى لۆردان له‌ په‌رله‌مانى به‌ريتانيا کۆ بووه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ دووه‌مين ڕۆژى سه‌ردانه‌ فه‌رمييه‌که‌يدا بۆ شانشينى يه‌کگرتوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی لۆردان کۆبووەوە و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌کانى دۆخى عێراق و ناوچه‌که‌، پرۆسه‌ و ژيانى سياسى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو بيروڕايان ئاڵوگۆڕ کرد.

لۆرد ماکفۆل ستايشى پرۆسه‌ى ديموکراسى له‌ هه‌رێمى کوردستان و دانانى کۆتا بۆ مسۆگه‌ر‌کردنى به‌شداريى ئافره‌تان و نوێنه‌رى پێکهاته‌کان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و ژيانى په‌رله‌مانى و دامه‌زراوه‌کانى حکووميدا کرد و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ په‌رله‌مانى به‌ريتانيا له‌ پشتگيريى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ پێشنيار و ڕاسپارده‌ ده‌داته‌ حکوومه‌تى وڵاته‌که‌ى، هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى هه‌رێمى کوردستانى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێکشکاندنى داعشدا کرد.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى کوردستانى بۆ به‌رده‌واميى پشتگيريى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى لۆردان و حکوومه‌تى به‌ريتانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان دووپات کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى به‌ريتانياى کرد که‌ تاوانه‌کانى داعشى به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدييان و پێکهاته‌کانى ديکه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌ جينۆسايد ناساندووه‌ و داواى کرد په‌رله‌مانى به‌ريتانيا له‌ پته‌و کردنى ديموکراسى و دامه‌زاروه‌کانى وڵاتدا، هاوکاريى هه‌رێمى کوردستان بکات.

News Code 3392

Your Comment

You are replying to: .
captcha