قوباد تاڵەبانى: پارتى پێشوازیی لەوە دەکات کە خەڵک دەنگ بدەن بە لایەنە بچووکەکان بۆ ئەوەى هەر خۆی خاوەنى قسە بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى کوردستان (کە لە یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان پێکدێت) رایگەیاند، پارتى پێشوازیی لەوە دەکات کە خەڵک دەنگ بدەن بە لایەنە بچووکەکان بۆ ئەوەى هەر خۆی خاوەنى قسە بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانى سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى کوردستان لە میانى بانگەشەى لیستەکەى لە شارى رانییە رایگەیاند" ئێمە یەکڕیزین و شەڕ بۆ یەکڕیزی کورد دەکەین لە بەغداد، بۆیە داواتان لێدەکەم دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان بدەن تاکوو بەو یەکڕیزییەمان، شەڕی بودجە و مووچە بکەین و خزمەتگوزاری زیاترتان پێشکەش بکەین و هەرچی پڕۆژە ماوە بەدووسایدی رانیەشەوە تەواوی بکەین، چوونکە ئەم دەڤەرە شایستەی پرۆژەی جوانتر و خزمەتگوزاری باشترە".

قوباد تاڵەبانی داوای لە خەڵکى سنوورى دەڤەری راپەرین کرد لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانەوەی قوتی خۆیان و خێزانەکانیان، دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان، دەشڵێت" بۆیە پێداگری لەسەر هاوسەنگیی هێز دەکەم، چونکە دەنگدان بە لایەنە بچووکەکانی ئەم دەڤەرە، وەک ئەوەیە بەناڕاستەوخۆ دەنگ بدەن بەهێزی رکابەری سەرەکی هاوپەیمانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە".

سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى ئاماژەى بەوەش کرد، بەیەکەوە گۆڕانکاری و چاکسازی ریشەیی لە ھەرێم دەکەن، ئەتوانن ئەو گۆڕانکارییانە، لە بەڕێوەبردن، لە شەفافیەت، لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، لە چاکسازی، لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێ بە جێ بکەن کە گۆڕان لە پێناویان دامەزرا.

سەرۆکى لیستى هاوپەیمانى دەشڵێت، بەراشکاوی دەیڵێم پارتى لە خوایەتى خەڵک دەنگ بدەن بەلایەنە بچووکەکان، بۆ ئەوەى کە هاوپەیمانى کورسى کەم هێنا ئەوکاتە بێ ڕکابەر دەبن و لە بەغداو هەرێمى کوردستان قسە هەر قسەى ئەوان دەبێت ئایا ئێوە ئەوەتان پێخۆشە؟ پێتانخۆشە کە لایەنەکانى ئەم دەڤەرە پەرتترو بڵاوتر بن؟ بێگومان کەس پێی خۆش نییە، بۆیە پشت ئەستور بە ئیرادەى ئێوە قەت ئەو رۆژە بەچاوی خۆیان نابینن".

لەکۆتایی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی راگەیاند: یەکێتی یەکێتی ئێوەیە، یەكێتی بە ئێوەوە وەک چیای کێوەڕەش، وەک کۆسرەت، وەک ساراو پیرەمەگروون وایە، هەرگیز ناشکێت. دڵنیاتان دەکەمەوە یەکێتی بە راماڵینی گەندەڵی، بەکۆتایی هێنان بەقاچاخچێتی و مافیاگەری، بەخزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە ئەو یەکێتییەی مام و کاکە نەوە و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانیان دایانمەزراند.

News Code 3381

Your Comment

You are replying to: .
captcha