لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕاى بەخێرهێنان، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى نیشان دا. هەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندیى دووقۆڵى و فراوان کردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى یەکگرتوو کردەوە.
کونسولى گشتیى بەریتانیا ڕوونى کردەوە کە پلان و بەرنامەیێکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و لەگەڵ تیمەکەى کارى لەسەر دەکات، هەروەها پابەندیى شانشینى یەکگرتووى بە بەردەوامیى پشتگیرى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و عێراق دووپات کردەوە و ستایشى هاریکارى و هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى بەریتانیا کرد.
کارکردن بۆ فراوان کردنى بوارى بازرگانى و سەرمایەگوزارى و چالاکیى کەرتى تایبەت لەنێوان هەردوولادا، دۆخى هەرێمى کوردستان و عێراق بەگشتى، کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، دوایین پێشهاتەکانى شەڕى دژى تیرۆر و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.
Your Comment