مەسعوود بارزانی و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەورووپا کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەدیداری نێوان مەسعوود بارزانی و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەورووپادا جەخت کرایەوە لە درێژەی پشتگیرییەکانی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەکەدا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەورووپا ڕایگەیاند کە "ئاگاداری تێکۆشان و خەباتی هەرێمی کوردستانە. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و پێشوازی کردن لە سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە ئاسایش و ئازادی و خوشگوزەرانیی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی ئەورووپا بایەخی تایبەتی هەیە و پاڵپشتیی یەکێتیی ئەورووپای دووپات کردەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا مەسعوود بارزانی سوپاسی هاوپەیمانانی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی هەرێم کوردستانیان داوە و جەختیشی لەوە کردەوە هەر میللەتێک ئیرادەی بەرخودانی هەبێت ئەوە یارمەتیی دۆستان و هاوپەیمانانیش کاریگەریی باشی دەبێت.

هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون و سەرۆکی پارتی دیموکرات هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعشی بۆ شاندی میوان شی کردەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە هەڕەشەی تیرۆر و داعش هێشتا هەر ماوە چوونکە هۆکارەکانی دروست بوونی داعش هێشتا ماون و چارەسەر نەکراون.

بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند کە فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان لەناو گەلی کوردستان ڕێگر بووە لەوەی تیرۆریستان بتوانن لەناو گەلەکەماندا پێکەیەک بۆ خۆیان دروست بکەن.

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ئەنجامەکانی ببنە هۆی گۆڕانکاری و سەقامگیریی و بەدیهاتنی ویستی هاووڵاتیان.

News Code 3313

Your Comment

You are replying to: .
captcha