بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشەممە 7 ی ئەیلولی 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جۆزێپ بوڕێڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت وێڕای سوپاس کردنی هەڵوێستی دۆستانەی یەکێتیی ئەورووپا لە پشتگيری کردنی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی چاودێرانەی تیمەکانی یەکێتی ئەورووپا کرد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ماف و خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بکات.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە، دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و یەکسانی و دادپەوروەری و شەراکەتی ڕاستەقینە ببنە بنەمای حوکمڕانییەکی تەندروست لە عێراقدا.
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
Your Comment