«حکمەت سەربلند» سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان (PIK)لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە هەڵسەنگاندنی ئێوە لە سەردانەکەی ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیێکە، ڕایگەیاند: سەردانەکەی ماکرۆن هەڵگری پەیامێکی گرینگی سیاسی بۆ کوردەکان بوو لە ئاستی نێونەتەوەییدا. ساڵانێکە فەرەنسا پشتگیری لە کورد دەکات بەتایبەت لە پرسی هەرێمی کوردستان و دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە.
ناوبراو درێژەی دا: ماکرۆن دەیهەوێت کێشەی نێوان ڕەوتە کوردییەکان چارەسەر بکرێت چوونکە تا ململانێی نێوان کوردەکان بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە ئەمریکا و فەرەنسا ناتوانن پڕۆژەکەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەری کوردیی سووریا بە ئەنجام بگەیەنن.
حکمەت سەربلند وتیشی: سەرێک لە ناکۆکیی نێوان ENKS و PYD لە هەرێمی کوردستانە و تا لەوێ کێشەکە چارەسەر نەکرێت، ناکۆکیی نێوان کوردانی سووریا کۆتایی نایەت.
سەرۆکی گشتیی پارتی ئیسلامیی کوردستان ڕاشیگەیاند: ماکرۆن لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە هەولێر و سلێمانی کۆبوویەوە و پەیامەکەشی ئاشکرا بوو: ئەگەر ململانێی نێوان لایەنە کوردییەکان چارەسەر نەکرێت، پرسی کورد وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ماکرۆن لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرینگی دابە وڵاتانی ناوچەکە کە پشتگیری لە کورد دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment