کوردپرێس: بەپێی راگەیەنراوێکى نووسینگەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و ئابووری وپلاندانان و تەندروستی، کۆبوونەوەیێکی تایبەتی سەبارەت بە رێکخستنەوەی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەت ئامادەی بوون، پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی خرایەڕوو لەبارەی پەرەپێدان و باشترکردنی کەرتی تەندروستی و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە دەبێت چاکسازی بکرێت لە کەرتی تەندروستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا. بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری پەلەی لەسەر بکەن.
هەروەها وتی "دەبێت هاوسەنگیی و کێبڕکێ هەبێت لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی تەندروستی بە شێوازێک کە هاوڵاتیان تێیدا سوودمەند بن."
لەبارەی دابین کردنی دەرمان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابین کردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها قوباد تاڵەبانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بکەن بەشێوازێک کە کەرتی تەندروستی باشتر بێت و خزمەتی باشتر بە هاوڵاتیان بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment