کوردپرێس:
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە رۆژانی 27 تاوەکو 29ی 2021 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی بەغدا، سەردانی عێراق دەکات.
ماکرۆن تاکە بەشداربووی لووتکەی بەغدا دەبێت لە دەرەوەی ناوچەکە بێت، ئەو لەو سەرکردانەیە، کە ئامادەبوونی خۆی لەبەغدا دووپاتکردووەتەوە و سەرکردە عێراقییەکان دەبینێت و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە، جگە لەکۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی عەبدولفەتاح سیسی و شاعەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن.
بۆ لووتکە (کۆنگرە)ی بەغدا بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی کە بڕیارە جگە لەوڵاتانی دراوسێ ژمارەیەک وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارببن و رۆژی شەممە 28ی ئابی 2021 لەبەغدا ببەسترێت، هەریەک لە سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و شا سەلمان عەبدولعەزیزی شای سعوودیەش داوەت کراون، بەڵام سەرچاوەیێکی عێراقی دەڵێت دیار نییە بەشداریی لوتکەکە دەکەن یان نا.
ئیمانوێل ماکرۆن دواینجار لە 2ی ئەیلوولی ساڵی 2020 سەردانی عێراقی کرد و دەیەوێت: "پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو رۆڵە جەمسەرییەی عێراق دەیگێڕێت لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی وڵات بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی گرژییەکان، نیشان بدات".
راوێژکاری سەرۆککۆماری فەڕەنسا دەڵێت: "وەکو ئەوەی لە ناوچەی ساحیلی ئەفریقیا هەیە، پرسەکە پەیوەندیی بە دراوسێکانمان و ئاسایشی نەتەوەییمانەوە هەیە، فەڕەنسا سوورە لەسەر بەردەوامیدان بەم جەنگە لە عێراق و شوێنی دیکەش بۆ رێگەگرتن لە دەرکەوتنەوەی داعش"، ئەو قسانە لەکاتێکدایە کە پاریس پشتیوانی عێراق لە رووی سەربازی دەکات و پاڵپشتییێکی ئاسمانیی تایبەتی بۆ ئەم وڵاتە هەیە و نزیکەی 600 سەربازی لە عێراق هەیە".
پێشبینی دەکرێت ماکرۆن لە گفتوگۆ دوو قۆڵییەکانی باسی پرسە هەرێمییەکان وەکو بارودۆخی ئەفغانستان بکات، لەگەڵ باسکردنی دۆخی جیهادییە دەستگیرکراوەکان لە عێراق و پرسی مافەکانی ئافرەت.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 29-8-2021 ئیمانوێڵ ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و دوای ئەوەش بچێتە مووسڵ لە پارێزگای نەینەوا کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێر دەستی داعش بوو.
بەپێی سەرۆکایەتی کۆماری فەڕەنسا ماکرۆن لەگەڵ ژمارەیێک لە قوتابیانی مووسڵ کۆ دەبێتەوە و لەگەڵ ژمارەیێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانیش، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ کریستیانەکانی رۆژهەڵات دەردەبڕێت بە سەردانیکردنی کڵێسای ساعە، هەروەها سەردانی مزگەوتی نووری دەکات کە داعش تەقاندییەوە.
ماکرۆن لە دوای فرانسۆ ئۆلاند، سەرۆککۆماری پێشووی فەرەنسا دەبێتە دووەم سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان "هێزی پاڵپشتی فەڕەنسا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" باس دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە و رێز لە ئازایەتییەکانی پێشمەرگە دەگرێت.
شاندەکەی سەرۆککۆماری فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان نادییە مورادی کچە چالاکڤانی کوردی ئێزدی تێدایە، کە هەڵگری خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، هەروەها نووسەر و چالاکڤانی ئافرەتان کارۆلین فۆرست.
Your Comment