بەپێی هەوای کوردپرێس، کلیمەنس زێمتنەر، کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد لە شاری سلێمانی و لەلایەن عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی و رێکخەر و ئەندامانی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازیی لێکرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، شوناس شێرکۆ رایگەیاند: گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردنەکە بەشێوەیێکی پاک و بێگەرد و دوور لە ساختەکاری بەڕێوە بچێت.
وتیشی: لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دووپاتی کردەوە کە پێویستە شەفافیەتی زیاتر لە هەموو بوارەکان لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو و بەرجەستە بکرێت و داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ پەرلەمان و خەڵکی کوردستان ڕوون بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی گشتگیر و هەمەلایەن دەکاتەوە لە سەرجەم سێکتەرەکان و بە گرنگیەوە دەڕوانینە ئەوەی رۆڵی حیزب لە بازاڕ و قۆرخ کردنیدا کۆتایی پێبهێنرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment