ئەردۆغان: ئوپوزسیۆنی تورکیا تیرۆر بڵاو دەکاتەوە

بەشی تورکیا- رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، په‌یوه‌ست به‌ ئاگری وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ره‌خنه‌ی توندی له‌ ئۆپۆزسیۆن گرت و وتی: سیاسەتی تورکیا سیاسەتێکی بێ ئۆپۆزسیۆنە. لە تورکیادا ئۆپۆزسیۆن تیرۆر بڵاو دەکاتەوە.

کوردپرێس:

لە میانی پەخشێكی ته‌له‌فزیۆنیدا کە لە کۆشکی چانکایا بەڕێوەچوو، ئەردۆغان تۆمەتی خستە پاڵ لایەنی ئوپۆزسیۆن لە تورکیا و گوتی وەک زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە وڵاتەکەشیاندا هه‌ڵكشانێكی بەرچاو لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکاندا رووی داوە، به‌پێویستی زانی ئه‌وه‌ به‌ سیاسەت تێکەڵ نه‌كرێت.

ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵمەتەکانی کوژاندنەوەی ئاگره‌كان، رایگەیاند: " لە ئێستادا ١٦ فڕۆکە لەبەردەستە، بەوانەوه‌ كه‌ ئەمڕۆ گەیشتوون ژمارەکە گەیشتووەتە ٢٠. لەپاڵ ئەوەشدا ٥١ هێلیکۆپتەر هەیە. بەردەوام ئەوانە لە کاردان".

ناوبراو وتیشی: لە هەشت رۆژدا ١٨٧ ئاگر کەوتووەتەوە. تا ئێستا لەو ئاگرانە ١٥یان بەردەوامە و بەشێکیان قه‌تیس كراون، هه‌وڵ و كۆششمان له‌به‌رامبه‌ر ئاگره‌كان به‌رده‌وامه‌، رێگه‌ ناده‌ین دزه‌ بكات و به‌رده‌وام به‌گژ ئاگره‌كاندا ده‌چینه‌وه‌.

له‌باره‌ی ره‌خنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکان، ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان رایگەیاند: له‌ توركیا تیرۆری درۆ هه‌یه‌، به‌ڵێ هه‌یه‌. كێ ده‌یكات؟ ئۆپۆزسیۆن. هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن ئۆپه‌راسیۆنی به‌لاڕێدابردن به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا تیرۆری درۆیه‌، درۆی وەک بۆچی لێرە فڕۆکە نییە، بۆچی هێلیکۆپتەر نییە، بڵاوکردنەوەی تیرۆرە.

ئەردۆغان باسی لەوەیش کرد کە ئاگری دارستانه‌كان هاوشێوه‌ی كۆرۆنا، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌یێكی تیرۆریستییه‌، كه‌ هه‌موو جیهان به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه‌. هەروەها ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، وتیشی: ناشتنی دره‌خت كاری ئێمه‌یه‌، ئایا ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ پێنج ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دره‌ختی ناشتووه‌، به‌م ئاگرانه‌ پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌؟ به‌ هه‌مان رژدیی به‌رده‌وام ده‌بین.

News Code 2977

Your Comment

You are replying to: .
captcha