بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقیدا ڕایگەیاندووە، هاوکاریی و هەماهەنگییێکی گەورەیان لەگەڵ سوپای عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا هەیە و بە زووترین کاتیش هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان بڵاو دەکەنەوە.
وەزیری پێشمەرگە ئاشكرای كردوه، "لەئێستادا چوار ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە (خانەقین، کەرکووک، مەخموور و ناوچەی کەسکی مووسڵ) هەیە، ئەوەش هەنگاوێکی باشە بەئاراستەی هەماهەنگییێکی فراوانتر، هەردوولاش پلانمان هەیە کەلێنە ئەمنییەکان لەڕێگای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ بەداعش پڕ بکەینەوە".
سەبارەت بەکەرکووکیش، وەزیری پێشمەرگە دەڵێت: "هێشتا سەبارەت بەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مادەی 140وه هیچ هێزێکی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپادا دروست نەکراوە، بەڵام تاڕادەیێکی گەورە هاوکاریی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە، هەوڵەکانیشمان چڕکردۆتەوە بۆئەوەی بەئاراستەی باشتر بچین، بۆئەوەش بەمنزیکانەش هێزی هەردوولا لەناو ناوچانە بڵاو دەکرێتەوە و ئارامی و سەقامگیریی بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە بەرقەرار دەکرێت".
شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی کێشەکانی پەیوەست بەبوونی چەکدارانی پهكهكه لەناو خاکی هەرێم، وتوویەتی: "پهكهكه پێش ڕاپەڕینی ساڵی 1991و دروستبوونی حکوومەتی هەرێم لەو ناوچانەدا بوونیان هەبووە و ئێشتاش لە ناوچەکەدان، ههر بەهۆکاری شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا سەدان گوند چۆڵکراون و وێران بوون".
ناوبراو ئهوهشى وتووه، "ئەوەی لەسەر پەکەکە و سوپای تورکیا ههیە ڕێز لەسەروەریی خاكی عێراق و هەرێم بگرن و شەڕ و ماڵوێرانی لە ناوچەکە دوور بخەنەوە، باشترین ڕێگاش بۆ راِگرتنی ئەو شەڕ و کوشتارە بریتییە لەدەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی لەنێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیادا".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment