لە 183 وەزیری خانەنشینکراو 33ـیان یاسایین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت کە خانەنشینکراوانی نایاسایی ژمارەیان زۆرە و لە 183 وەزیری خانەنشینکراویش کە وردبینییان بۆ کراوە، 33ـیان یاسایین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعید مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "خانەنشینکراوانی پلەباڵاکان بەم جۆرەن: لە 189 وەزیر، وردبینی بۆ 183ـیان کراوە و لەو 183 کەسەی بە ناوی وەزیر خانەنشین کراون 33ـیان وەزیری راستەقینەن، 150یەکەی دیکەیان نایاسایین. لە 342 راوێژکار، وردبینی بۆ 331ـیان کراوە و لەو ژمارەیە 177ـیان بێ کێشەن و 154یان نایاسایین. لە 771 بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینکراو، وردبینی بۆ 756ـیان کراوە، 390یان بەڕێوەبەری راستەقینەن، 447ـیان نایاسایین. ئەوانە یەک رۆژ لەو شوێنانەدا دەوامیان نەکردووە. لە هەرێمی کوردستان 246 هەزار کەس خانەنشین کراون، لەو ژمارەیە 133 هەزاریان سەربازین."

نەبەرد کەریم، پسپۆڕی بواری دارایی و ژماریاریی بانکییش گوتی: "ئەو خانەنشینە نایاساییەی لە هەرێمی کوردستاندا کراوە، لە هیچ وڵاتێکدا هاوشێوەی نییە، ئەگەر شتێکی وایش هەبێت، ئەوا بەڕێوەبەردنەکەی وەک هەرێمی کوردستانە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 300 هەزار مووچەخۆری هەیە کە شتی وا نەبووە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵاتێک مووچەخۆر بن."

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی کرد کە بەپێی پرۆژەکە چاکسازی لە داهات و خەرجییەکاندا دەکرێت و بڕێکی باش پارە بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی گوتی: "ئەگەر پرۆژەیاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت، لە چوار ملیار و نیو مووچەی خانەنشینیی پلەباڵاکان زیاتر لە نیوەی بۆ خەزێنەی گشتیی دەگەڕێتەوە. رێکاری دیکەی چاکسازی کردن لە خانەنشینیدا هەیە، بۆ نموونە یاسای 33، 34 و 38ـی ساڵی 2007 تایبەتن بەو کەسانەی کە لە پێش 1991/03/05 بە راستی پێشمەرگە بوون، شۆڕشیان کردووە و لە شاخ بوون و باس لەوە دەکات کە شایستەیێکی داراییان بدرێتێ. ئێستا دەکرێت بەپێی پرۆژەیاسای چاکسازی بۆ ئەو یاسایە بگەڕێینەوە."

نەبەرد کەریمیش گوتی: "لەم کابینەیەدا وامان هەست دەکرد کە چاکسازی کاری لەپێشینە بێت، بەڵام وردەوردە کارکردنەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە رێکار و نیازی لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە. ئەگەر لەپێشینە بووایە و یاسای چاکسازی لە بواری خەرجییەکاندا لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرابووایە، ئەوا هەموو مانگێک 100 بۆ 150 ملیار دینار بۆ حکوومەت دەگەڕایەوە. ئەو کاتە لەم دوو ساڵەدا نزیکەی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕایەوە. بڕوام وایە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نەتوانراوە مووچەی یەک فەرمانبەری دوومووچە وەربگرێت."

نەبەرد کەریم جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاسای خزمەتی شارستانیی عێراق جێبەجێ بکات، زۆر بە روونی بۆی دەردەکەوێت کە کێ بە ناشایستە مووچە وەردەگرێت و کێ بە شایستە.

پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە، لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسندکرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵک لە مووچە و خانەنشینی پلەباڵاکان و کەمیی مووچەی خانەنشینی فەرمانبەران پرۆژەکە گەڕێندرایەوە بۆ حکوومەت.

پرۆژەیاسای چاکسازی کە رۆژی 2020/01/16 لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسند کرا، لە هەشت بەش پێکدێت. ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی، بواری خانەنشینی، نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی، بواری پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، دەرماڵەکان، رێکخستنەوەی هەژمارکردنی خزمەت، حوکمەکانی کۆتایی. کە لە 21 ماددە و هۆیەکانی دەرچوواندن پێکهاتووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2847

Your Comment

You are replying to: .
captcha