بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازىی لە كاردینال لویس ساكۆ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارێکدا دۆخى پێکهاتەى کلدان و مەسیحییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى و ڕەوشى ئاوارە مەسیحییەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد.
لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوڕا بوون کە متمانە و دڵنیایى پێویستە بۆ ئەوەى ئاوارە مەسیحییەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەى ژیان بۆ ناوچەکانیان بکەن کە لە ئەنجامى هێرشەکانى داعشدا زیانى زۆریان بەرکەوتووە و پێویستییان بە یارمەتى و هاوکاریى نێودەوڵەتى هەیە.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتی کردەوە، کە هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتورى پێکەوەژیان و لێبوردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە، هەردوولا سەردانى پاپاى ڤاتیکانیان بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا کە ڕۆڵى لە قووڵ کردنەوەى کولتورى پێکەوەژیاندا هەیە.
كاردینال ساكۆ ستایشى پێکەوەژیان، یەکتر قبووڵ کردن، لێبووردەیى، ئاوەدانى و پێشکەوتن و ڕۆڵى سەرکردایەتى لە هەرێمى کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە، کوردستانی بوون ناسنامەیێکى کۆکەرەوەى هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکانە و ئاوارە مەسیحییەکان لە وڵاتانى جیهان دەتوانن بگەڕێنەوە تا بە ئارامى و دڵنیایى لە کوردستان بژین و هاوبەشى و بەشدارى لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن.
هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و چەند پرسێکى تایبەت بە کاروبارى کەنیسە و مەسیحییەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان و ، هەروەها دۆخى دەشتى نەینەوا و مەسیحییەکانى مووسڵ و ناوچەکە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment