کوردپرێس:
جوان مستەفا سەرۆکی تەندروستیی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا نیگەرانیی خۆی لە داخرانی دەروازەی تەل کۆچەر دەبڕی و گوتی بەداخراوی مانەوەی ئەو دەروازەی قەیرانی ئینسانیی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا قووڵ دەکاتەوە.
هەنیی ڕابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دا پڕۆسەی ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە لە ڕێگای دەروازەی سنووریی بابولهەوار لە سنووری تورکیا بۆ باکووری سووریا درێژ بکاتەوە ئەوەش لە کاتێکدایە کە داواکاریی هەرێمی و جیهانی بۆ کرانەوەی دەروازەی تەل کۆچەر ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.
مانگی جوونی ساڵی پار پاش ئەوەی ڕووسیا و چین بڕیاریان ڤیتۆ کردەوە دەروازەی تەل کۆچەری باکووری خۆرهەڵاتی سووریا و عێراق داخرا.
مستەفا زیادی کرد ئەو ناوچەیە لە لایەن سووریا و تورکیاوە گەمارۆ دراوە و ئەگەر دەروازەکە نەکرێتەوە قەیرانی ئینسانی دروست دەبێت.
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆسەر زیادی کرد سیاسی بوونی کەیسی دەروازەکان، ناوچەکە پەلکێشی هاوسەنگییێک دەکات کە ئەو وڵاتانە پێویستیان پێ بوو.
سەرۆکی ئیدارەی تەندروستی جەختیشی کردەوە کە ئەو بڕیارە زۆربەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ناچار دەکات مامەڵە لەگەڵ دیمەشق بکەن و ئەو دۆسیەیە، یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بەرەو ئاقاری سیاسی دەبات.
Your Comment