کوردپرێس:
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی ئاسایش و دژەتیرۆر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کەناڵی IPLUSی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی و بۆ ماوەیێک ڕۆژنامەنووسەکانیان دەستبەسەر کرد و چەند ئامێرێکیان شکاند. دوا بەدوای ئەو ڕووداوەش کارمەندانی هەریەک لە دەزگا میدیاییەکانی وەک ژیان، مۆر و چاو، کە نزیک لە لاهوور شێخ جەنگین، دەزگا میدیاییەکانیان جێهێشت و باڵەخانەکانیان چۆڵ کرد.
سەرچاوەیێک لەنێو کەناڵەکە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە "هێزێکی ئەمنی هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵی (ئای پڵەس IPLUS) و بەشێک لە کەلوپەلەکانییان شکاندووە، زیانیان بە باڵەخانەکە گەیاندووە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکە بەشێک لە کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردوون و دەستیان بەسەر چەند کەیسێک و کەلوپەلی کۆمپیوتەردا گرتووە، هەروەها دەرگای چەند ژوورێکیان شکاندووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "سەرەتا داوایان لە کارمەندەکان کردووە بچنە دەرەوە و ئەوانیش رازی نەبوون."
کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی نووسینگەی سەرەکیی لە سلێمانییە و دەکەوێتە سەر شەقامی 60 مەتری، کەناڵەکە تاوەکوو ئێستا دەستی بە پەخش نەکردووە.
تەلەڤزیۆنی ڕووداو ئیدعای کردکۆمەڵێک زانیاریی لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دەستی کەوتووە، لاهوور شێخ جەنگی ئاگادار کراوەتەوە کە لە ماوەی 10 رۆژدا دەبێت هەموو ماڵپەڕ و پەیج و کەناڵێک کە سەر بە ئەون بگەڕێندرێنەوە بۆ یەکێتی.
کەناڵی IPLUS دەزگایەکی میدیاییە کە خاوەندارێتی بۆ لاهوری شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی دەگەڕێتەوە و لە ئێستادا لە ژێر پەخشی ئەزموونیدایە و بۆ ماوەی چەندین ساڵە. لاهور شێخ جەنگی کار بۆ درووستکردنی کەناڵەکە دەکات.
کارمەندێکی کەناڵی IPLUS کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دەیان چەکداری هێزی ئەمنیی بە جلوبەرگی سەربازییەوە ئێوارەی ئەمڕۆ و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک پێشوەخت یاخود بڕیاری دادگا، هەڵیانکوتایە سەر کەناڵەکە."
ئەم ڕووداوانەی دوای ئەوە دێن کە وەک باس دەکرێت هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهووری شێخ جەنگی لەسەر ئەوە ڕێککەوتن لە لە یکلاییکردنەوەی کێشەکانیاندا هێز بەرامبەر یەکتر بەکارنەهێنن و هەوڵبدەن ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
ئەو کارمەندەی کەناڵی IPLUS کە بۆ دەنگی ئەمەریکا دوا، وتیشی "هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەی 15 خولەک دەستبەسەریان کردین. ئازاری چەند ڕۆژنامەنووسێکیان دا و لێیان دان. زۆر بە توندی مامەڵەیان دەکرد. هەستان بە شکاندنی چەند سێرڤەرێکی کەناڵەکەش. دواتر هەموومان ڕەوانەی ماڵەوە کراین."
ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەستا بە گۆڕینی بەرپرسی هەریەک لە دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای زانیاریی و کەسانی نزیک بەخۆی لە شوێیان دانا و ئەو دوو بەرپرسەی پێشووی دەرکرد کە نزیکی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی بوون.
Your Comment