کوردپرێس:
ئێوارەی پێنجشەمە 9ی ئاب، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقەوە ڕاگەیێندرا و بە پێی ئەنجامی ڕاگەیێندراو ژمارەی کورسیی حیزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک گۆڕانکاریی بەسەردا نەهات.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و 5 حیزبی دیکەی هەرێمی کوردستان خۆیان لە بەرەی ئوپۆزسیۆندا دەبیننەوە و زیاترین تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن داوە و پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانیشان کرد لە بەر ئەوەی دەیانگوت یاسای ژماردنەوە ڕەچاو نەکراوە ڕێگە بە چاودێر و نوێنەرەکانیان نەداوە چاودێریی پڕۆسەکە بکەن.
دوکتور ڕێبوار کەریم وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە بارەی ئەنجامی ڕاگەیێندراوەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: جارێ زووە لەو بارەیەوە قسە بکەم لە بەر ئەوەی ئەمڕۆ شەمە 12ی ئاب دانیشتنێکمان لەگەڵ لایەنەکان هەیە و دەمانەوێت مەوقیفێکی هاوبەش دروست بکەین پاشان لەو بارەیەوە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیێنین.
ڕێبوار کەریم سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی کوردستان و ئەو داواکارییانەی لە سەر دواخستنی هەڵبژاردنەکە پێشکەش کراوە بە کوردپرێسی وت کە حیزبەکەیان کۆمەڵێک داوای پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بە پاکی هەڵبژاردنەکان بکرێت و بەوتەی دوکتور ڕێبوار کەریم، هەڵبژاردنی پاک لە هەموو شتێک گرینگترە بۆیە هاوپەیمانی حەز دەکات لە کاتی خۆیدا هەڵبژرادن بکرێت بەڵام بەو مەرجەی زەمانەتی پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردنەکە بکرێت.
ناوبراو سەبارەت بەو لایەنەی کە دەبێت زەمانەتی پاکیی هەڵبژاردنەکان بدات بە کوردپرێسی وت: کۆمسیۆن و لایەنی پێوەندیدار دەبێت ئەو زەمانەتە بدەن. بۆ نموونە ئەگەر لایەنێک ویستی ناوی دەنگدەران پاک بگرێتەوە دەبێت وەزارەتی بازرگانی دەوری هەبێت بەپام هاوپەیمانی لیستێکی پێشکەش کردووە و وتوویەتی هەڵبژاردن تەزویری تێدا دەبێت ئەگەر پاک نەکرێتەوە.
وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە کۆتاییدا ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەگەر مەرجەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد ئاوڕی لێنەدرایەوە ئەو کات هەڵوێستی خۆیان دەبێت و ئێستا هەڵوێستی پێشوەختە ڕاناگەیێنن.
Your Comment