مه‌سعوود بارزانی: ده‌مانه‌وێت عێراقێکی فیدڕاڵ دروست بکه‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ کۆنگره‌ی یه‌کێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ کورد هیچ واده‌یێکی بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی دیاری نه‌کردوووه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر سووربوونی کورد کرده‌وه‌ بۆ دروست کردنی عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یه‌کێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆنگره‌ی خۆی به‌ست و مه‌سعوود بارزانی وتارێکی به‌و بۆنه‌وه‌ پێشکه‌ش کرد و ڕای‌گه‌یاند: داهاتووی کوردستان له‌ ئه‌ستۆی لاواندایه و هاوکات ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ڕه‌ت کرده‌‌وه‌ که‌ گوایه‌ داوای لێ کرابێ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانی کوردستان دوا بخرێ و له‌و باره‌وه‌ جه‌ختی کرده‌وه "له‌ که‌سی قه‌بووڵ ناکه‌ین ڕێمان بۆ دابنێ چیی بکه‌ین و چیی نه‌که‌ین."

ناوبراو له‌باره‌ی ڕۆڵی یه‌کێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌، گوتی: "لاوان قوتابخانه‌یێک بوووه‌ بۆ پێگه‌یاندنی لاوان له‌ قۆناغی شۆڕشدا و ئێستایش زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی کوردستان له‌و قوتابخانه‌وه‌ پێگه‌یشتوون."

مه‌سعوود بارزانی ڕۆشنایی خسته‌ سه‌ر خه‌بات و شۆڕشی گه‌لی کوردستان به‌ درێژاییی مێژوو و شۆڕش له‌ دوای شۆڕش و ڕاپه‌ڕین له‌ دوای ڕاپه‌ڕین به‌ردوام بوووه‌، ئه‌وه‌شی جێی شانازیمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ ئێمه‌ وه‌کوو گه‌لی کورد به‌رگریمان کردوووه‌ نه‌ک هێرشمان کردبێته‌ سه‌ر هیچ که‌س و لایه‌نێک به‌ڵکوو مه‌ردانه‌ له‌ هه‌ر دوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵان شۆڕشێکی مه‌ردانه‌مان کردوووه‌ بۆیه‌ سه‌به‌رزین له‌ سه‌ر خه‌باتی خۆمان و ده‌شبێت له‌سه‌ر هه‌مان نه‌هج به‌رده‌وام بین.

ناوبراو گوتیشی: "ئێمه‌ گرفتمان له‌گه‌ڵ هیچ نه‌ته‌وه‌یێک نه‌بوووه‌ و خاکی هیچ گه‌لێکی دیکه‌مان داگیر نه‌کردوووه‌ به‌ڵکوو گرفتمان له‌گه‌ڵ حاکم و حکومڕانه‌کان بوووه‌، زۆر جاریش له‌پێناو پێکه‌وه‌ ژیان، برا بچووکیشمان قبووڵ کردوووه‌ به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌شیان قبووڵ نه‌کردوووه بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌پێناو مافه‌کانی خۆمان پێداگرین و هه‌ر شتێکیش ده‌بێت با ببێت."

بارزانی له‌ درێژه‌ی وتاره‌که‌یدا باسی له‌وه‌ش کرد به‌ خۆشی و ئاشتی بگه‌ینه‌ چاره‌کردنی کێشه‌کان، گه‌رنا نه‌ ئێمه‌ و نه‌ ئه‌وانیش ئیسراحه‌ت نابن، مێژووی توندوتیژیشیان نیشانده‌ره‌ که‌ به‌ تانک و تۆپیش نه‌یانتوانی چۆک به‌ کورد دابده‌ن.

مه‌سعوود بارزانی له‌باره‌ی ڕیفراندۆمیشه‌وه‌ گوتی: "به‌داخه‌وه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ نه‌ک شه‌راکه‌ت به‌ڵام هاووڵاتی بوونی ئێمه‌شیان قبووڵ نه‌بوو، ئێمه‌ ویستمان به‌ ئاشتی و لێکتێگه‌یشتن چاره‌ی گرفته‌کان بکه‌ین، له‌ ساڵی ٢٠١٦ سه‌ردانی به‌غدامان کرد و پێمان گوتن ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و ده‌ستوورێکمان هه‌یه‌ و هه‌موووان تێیدا ماندوو بووین، ئه‌رک و مافی هه‌مووانی دیاری کردوووه‌، گه‌ر ئه‌وه‌شتان پێ قبووڵ نییه‌، فه‌رموو با ببینه‌ دراوسێی یه‌کتر."

ناوبراو گوتیشی: ئێستایش که‌ که‌سێک و لایه‌نێک پێی وابوو ئێمه‌ مافی بڕیاردان له‌ چاره‌نووسی گه‌له‌که‌مان نییه‌ هه‌ڵه‌ ده‌که‌ن و خه‌یاڵ ده‌که‌ن و ئێمه‌ هه‌رگیز لێی په‌شیمان نابینه‌وه‌ به‌ڵام نه‌شمانگوتوووه‌ که‌ ئه‌م مافه‌ به‌ شه‌ڕ و توندوتیژی به‌ ده‌ست بێنین.

مه‌سعوود بارزانی گوتیشی: "به‌داخه‌وه‌ گه‌ر خه‌یانه‌تی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ بارودۆخه‌که‌ به‌و شێوه‌ نه‌ده‌بوو، ئێستایش زۆر لایه‌ن په‌شیمانن، له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووریشدا ڕه‌حمه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا و ڕۆژنووری نوێنه‌ری ئێمه‌ بوون، له‌ دیباجه‌ی ده‌ستووریشدا ده‌ڵێ ئاره‌زومه‌ندانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراقێکی فیدراڵ ده‌بین نه‌ک ناچاری، هه‌ر لایه‌نێکیش پێی وابێ پاشه‌کشه‌ له‌ مافی سه‌ربه‌خۆیییمان ده‌که‌ین ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه چوونکه‌ پاشکۆییمان قبووڵ نییه‌ و مافێکی ڕه‌وای گه‌لی کوردستانه‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌ دوای ڕیفراندۆم ڕق و کینه‌ی چه‌ندین ساڵه‌یان ڕژاند به ‌سه‌رماندا و هێزه‌ قاره‌مانه‌کانی پێشمه‌رگه‌ش وه‌ڵامیان دانه‌وه‌ که‌ هێز نییه‌ بتوانێت ئیراده‌ی ئه‌م گه‌له‌ بشکێنێت و ئه‌م ئامانجه‌ش هه‌ر دێته‌دی."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی بوووه‌ته‌وه‌ و تا بۆمان بکرێ باشتریشی ده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ دراوسێی و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵتییش هه‌روا. له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیش ویستی ئێمه‌ یه‌کگرتوویی و یه‌ک هه‌ڵوێستییه‌، ئینجا ئه‌وانه‌ی لێک نزیکترن ده‌کرێ به‌رنامه‌ی هاوبه‌شیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا هه‌بێ. له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراقدا هه‌بوون پێیان وابوو پارتی دووچاری شکست ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام ده‌رکه‌وت که‌ پارتی حزبی یه‌که‌مه ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی زۆر غه‌در له‌ پارتی کرا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا و گرینگ بوو بۆ هه‌مووان و به‌ تایبه‌ت بۆ پارتییه‌کان که‌ ئه‌مه‌یه‌ سه‌نگی پارتی و بۆ ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تییه‌که‌ی که‌ پێویسته‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق پێک بێ سێ مه‌رجی سه‌ره‌کیمان هه‌نه‌ ئه‌وانیش شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و ته‌وافوق و ته‌وازون و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌ گفتوگۆداین و ئه‌و لایه‌نانه‌شی که‌ له ‌یه‌کدی نزیکن به‌ هێزه‌وه‌ بچه‌نه‌وه‌ به‌غدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م سێ مه‌بده‌ئه‌ چوونکه‌ بێ جێبه‌جێ کردنیان ئێمه‌ پاشکۆییمان قه‌بووڵ نییه‌.

مه‌سعوود بارزانی ده‌رباره‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ٤٨ ملیار دۆلار بێ ڕای‌گه‌یاند که‌ "خاوه‌نی ئه‌و سه‌رمایه‌ بوام ئه‌وا زۆر شت ده‌گۆڕا."

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27149

Your Comment

You are replying to: .
captcha