به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بڕیار وابوو چوار پرۆژه‌ی پیشه‌سازی له كوردستان دروست بكرێت به‌ڵام به هۆی قه‌یرانی دارایییه‌وه هیچ یه‌كێک له‌و پرۆژانه نه‌چوونه‌ته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه و وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی پێی وایه له‌م قۆناغه‌دا پێویسته سه‌رجه‌می ئه‌و پرۆژانه بخرێنه بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه و له دوا په‌یامیشدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری داوه به ته‌واوكردنی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه به نیوه‌چڵی ماونه‌ته‌وه و ته‌واو نه‌كراون.
حاجی سواره عه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلاندانانی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له ساڵی 2013 ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕاوه بۆ كردنه‌وه‌ی چوار ناوچه‌ی پیشه‌سازی له كوردستان و وه‌ک قۆناغی یه‌كه‌م هه‌ر ناوچه‌یێک بڕی 45 ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه و ناوچه‌كانیش له هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانی و گه‌رمیان ده‌كرێنه‌وه و هه‌ر ناوچه‌یێک ڕووبه‌ری 3 هه‌زار دۆنم زه‌وی بۆ ته‌رخان كراوه و داواش كراوه له بودجه‌ی 2013 سه‌رجه‌م پاره‌كه‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت به‌ڵام به هۆی قه‌یرانی درایییه‌وه نه‌توانراوه ئه‌و پرۆژه‌یه جێبه‌جێ بكرێت."
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه چه‌ند جارێک نووسراویان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژانه بودجه‌یان بۆ ته‌رخان بكرێت و ده‌ست بكه‌نه‌وه به كار كردن تێیاندا چوونكه دۆخی ئێستای كوردستان ئه‌وه ده‌خوازێت ئه‌و چوار ناوچه‌یه بكرێنه‌وه، هه‌روه‌ک سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕای‌گه‌یاندوووه كه گرنگه ئه‌وله‌وییه‌تی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار له به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌تدا بێت.
حاجی سواره له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی ناوچه پیشه‌سازییه‌كه‌وه ده‌ڵێت: "قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه ژێرخانی ئابووری ده‌بێت كه خۆی ده‌بینێته‌وه له ڕێگاوبان و نه‌خۆشخانه و كاره‌با و ئاو و ئۆفیسی كارمه‌ندان، قۆناغی دووه‌م دابه‌ش كردنی ناوچه‌كان ده‌بێت بۆ دوو به‌ش، به‌شی پاشماوه‌كان، یان پیسایییه‌كان و به‌شه خاوێنه‌كان كه سه‌رجه‌م پیشه‌سازیی كارگه‌كان ده‌گرێته‌وه و سه‌رجه‌م كارگه‌كانی كوردستان له‌و ناوچانه ڕێک ده‌خرێنه‌وه."
شایانی باسه؛ ماوه‌ی پێنج ساڵه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕیوه بۆ دروست كردنی چوار ناوچه‌ی پیشه‌سازی كه سه‌رجه‌م پیشه‌سازیی كوردستان له‌و ناوچانه ڕێک ده‌خرێنه‌وه به‌ڵام به هۆی قه‌یرانی دارایییه‌وه نه‌توانراوه ئه‌و پرۆژانه ته‌واو بكرێن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment