ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری: ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕین به‌رانبه‌ر به‌ ڕه‌وتی دوورخستنه‌وه‌ی کورد له‌ پۆسته‌کانی که‌رکووک

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا تیشکی خستۆته‌ سه‌ر هه‌ڵمه‌تی نایاساییی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ له‌ که‌رکووک و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی یاسا و ده‌ستوور له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراق و په‌راوێز خستنی کورد له‌ که‌رکووک و ئه‌و لێکه‌وتانه‌ی ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا هه‌یبێت.

کوردپرێس- پاش ڕووداوه‌کانی 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی عێراقی بۆ که‌رکووک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و کشانه‌وه‌ی ئاسایش و هێزی سه‌ربازیی سه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 به‌ گوێره‌ی لێدوانی کورده‌کان گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی ئیداری، سیاسی و سه‌ربازیی کورد و پڕ کردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ له‌ جێگه‌ی کورد بۆته‌ خاڵێکی جێ ناڕه‌زاییی کورده‌کانی عێراق.

له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمه‌ڵێک ده‌نگۆ و هه‌واڵ له‌باره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی پێنج به‌رپرسی سه‌ربازیی کورد له‌ که‌رکووک و ده‌ستنیشان کردنی عه‌ره‌به‌کان وه‌کوو جێگره‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ بڵاو کرایه‌وه‌. پێشتر پاش ڕیفراندۆمه‌که‌ی 25ی ئه‌یلوولیش نه‌جمه‌ددین که‌ریم پارێزگاری کوردی پارێزگای که‌رکووک له‌ پشکی یه‌کێتی که‌ له‌ مه‌سعوود بارزانیشه‌وه‌ نزیکه‌ و پشتگیریی ڕیفراندۆمی کردبوو له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ پۆسته‌که‌ی دوور خرایه‌وه‌ و ڕاکان جبووری که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌به‌ وه‌کوو سه‌رپه‌ره‌شتیاری پارێزگای که‌رکووک ده‌ستنیشان کرا و هه‌روه‌هاش قایمقامی شاری که‌رکووک و هه‌ر دوو قایمقامی دوبز و داقۆق و هه‌روه‌هاش فه‌رمانده‌ی پۆلیسی که‌رکووک و به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی و ئاو به‌پێی بڕیاری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند و پارێزگاری که‌رکووک گۆڕدران و له‌ جێگه‌ی کورد عه‌ره‌به‌کان ئه‌و پۆستانه‌یان پڕ کرده‌وه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری له‌باره‌ی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی کورد له‌ پۆسته‌ باڵاکانی که‌رکووک به‌ کوردپرێسی وت: دوو گومان له‌ئارادایه‌. لایه‌نه‌کانی دیکه‌ به‌هره‌ له‌و فه‌راغه‌ وه‌رده‌گرن که‌ ئێستا هه‌یه‌ و که‌رکووک پارێزگاری نییه‌ و جێگری پارێزگار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قانوونه‌کانی قه‌دیم بۆ ئه‌وه‌ی کورد سه‌خڵه‌ت بکه‌ن له‌باره‌ی ئه‌رز و ئاو و شتی‌تر به‌ ناوی ته‌جاوزات و کۆمه‌ڵێک شت که‌ به‌ حیسابی خۆیان به‌ نایاسایی ده‌زانن و ئه‌و یاسایانه‌ تا ئێستا هه‌ندێکیان کاران و هه‌ندێکیشیان هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ دژی ماده‌ی 140یش ده‌که‌ن.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌و پۆستانه‌ی کوردی لێ دوور خراوه‌ته‌وه‌ هیچ ڕه‌قه‌مێکی نه‌درکاند و گوتی ئه‌وه‌ مه‌وزووعێکی ئه‌منییه‌ به‌ڵام ئاشکرای کرد: له‌ ئه‌فسه‌ر و پله‌باڵاکاندا که‌س دوور خراوه‌ته‌وه‌ و له‌ فه‌رمانگه‌کانی دیکه‌ش وه‌کوو زراعه‌ و ته‌ندروستی و چه‌ند به‌شێکی دیکه‌ به‌رپرسه‌کان پۆسته‌کانیان به‌جێهێشتوووه‌ و له‌و به‌شانه‌شدا ده‌ستکاریی هه‌ندێک قسم کراوه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی کاریگه‌ری و شوێندانه‌ریی دوورخستنه‌وه‌ی کورد له‌ پۆسته‌ باڵاکانی که‌رکووک به‌ کوردپرێسی وت: بێگومان ئه‌و ڕه‌وته‌ مه‌ترسی داده‌نێت چوونکه‌ وا له‌ کورد ده‌کات وه‌زیفه‌ی خۆی به‌جێبێڵێت و کۆمه‌ڵێک مه‌شاکیل دروست ببێت.

ناوبراو ئۆباڵی ئه‌و وه‌زعه‌شی خسته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نی عێراقی و له‌وباره‌یه‌وه‌ زیادی کرد: لایه‌نی عێراقی ئه‌گه‌ر قانوونی هه‌با و یاسای جێبه‌جێ کردبا ئه‌و وه‌زعه‌ پێش نه‌ده‌هات چوونکه‌ ئه‌وان خۆیان ناجوانمێرانه‌ زه‌خت له‌ کورد ده‌که‌ن. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ کورد بۆ خۆی هه‌ندێک پۆستی به‌جێهێشتوووه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌ری له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ که‌ لایه‌نی کوردی بۆ گۆڕینی وه‌زعی که‌رکووک له‌ به‌غدا چی کردوووه‌ ئه‌رکه‌که‌ی بۆ په‌رله‌مانتارانی کوردستان گه‌ڕانده‌وه‌ و گوتی: په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن له‌وباره‌یه‌وه‌ کارمان کردوووه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند تا چ ڕاده‌یێک وه‌ڵامی ئه‌و داواکارییانه‌ بداته‌وه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منیی که‌رکووکه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی وت: دۆخه‌که‌ ناسه‌قامگیره‌ و جێی ئیعتیماد نییه‌ چوونکه‌ ڕۆژێک باشه‌ و ڕۆژێک خراپه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکووک له‌باره‌ی دۆخی پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقیش گوتی: وه‌زعه‌که‌ له‌وێ باش نییه‌ و دوور نییه‌ هێزیش له‌ که‌رکووک به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ کشابێته‌وه‌.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان له‌ که‌رکووک هاوشێوه‌ی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌ دووری نه‌زانی ناڕه‌زایییه‌کان له‌ که‌رکووکیش ده‌ست پێبکه‌ن و ڕای‌گه‌یاند ئه‌گه‌ر وه‌زعه‌که‌ ئاوا بڕوات به‌ ته‌ئکید کێشه‌ ڕوو ده‌دات به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌رکووک یه‌ک حیزب و یه‌ک ده‌سه‌ڵات نییه‌ ڕه‌نگه‌ ڕێکنه‌که‌ون له‌سه‌ر خۆپیشاندان یان شتێکی له‌و چه‌شنه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 27099

Your Comment

You are replying to: .
captcha