١٦٠ چەکداری داعش خۆیان ڕادەستی سوپای سووریا کرد

بەشی سووریا- وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند: ١٦٠ چەکداری داعش لە باشووری خۆرئاوای سووریا خۆیان ڕادەستی هێزەکانی حکوومەت کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە هۆی گەمارۆدانیان و نەمانی هیچ بوارێک بۆ خۆرزگارکردن، ١٦٠ چەکداری داعش لە باشووری خۆرئاوای سووریا خۆیان ڕادەستی هێزەکانی حکوومەت کردووە.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئاماژەی بەوەکرد، بە سوود وەرگرتن لەو لێبوردنە گشتییەی کە حکوومەتی سووریا دەری کردووە، چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆیان ڕادەستی سوپای سووریا دەکەن بۆ ئەوەی دووبارە لەگەڵ خێزانەکانیان دەست بە ژیانی ئاسایی بکەنەوە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیادا ئاماژە بەوەش کراوە، بە هاوکاریی هێزەکانی ڕووسیا، ناوچەکانی سوەیدا و دەرعا و قونەیترە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراونەتەوە و کۆتایی هاتووە بە چەکدارەکانی داعش و بەرەی نوسرە لەو ناوچانە.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی کۆنترۆڵ کردنەوەی شاری دەرعا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن جگە لە بڕێکی زۆر لە چەک تەقەمەنی سووک، ٣٩ تانکیان ڕادەستی هێزەکانی حکوومەت کردووە.

دووپاتیشی کردەوە لە ئێستادا سنووری سووریا لەگەڵ ئوردن بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوەتەوە و هیچ مەترسییێکی ئەمنی نەماوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 27041

Your Comment

You are replying to: .
captcha