بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین، مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە برێت مەكگۆرک و شاندێكی یاوەری كردوە و نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا وتویەتی "ئێستا شەڕی تیرۆر چۆتە قۆناغێكی تازەوە و شێوەی دیكە وەردەگرێت. شانازیی بەو شەراكەت و هەماهەنگییەشەوە دەكەین، كە لەگەڵ پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا هەمانە و بەردەوامیش دەبێت".
بەگوێرەی هەواڵێكی میدیای پارتی، مەكگۆرگ رۆڵی بارزانی و هەرێمی كوردستانی لە هاوكێشە سیاسییەكان و شەڕی تێكشكاندنی تیرۆریستان لە ناوچەكەدا بەرز نرخاندوە و بە رۆڵێكی گرنگ و یەكلاكەرەوە وەسفی كردوە.
هەروەها بارودۆخی سیاسیی عیراق لە دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عیراق تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەی پێكهێناوە و لەو چوارچێوەیەدا مەسعوود بارزانی وتویەتی "پێویستە پرۆسەی سیاسی لەسەر هەرسێ بنەمای شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگی بە هەموو وردەكارییەكانییەوە بونیادبنرێتەوە و میكانیزم و سەقفی زەمەنیش بۆ جێبەجێ كردنی ئەو سێ پرەنسیپە دابنرێت بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان هەست بەوە بكەن لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا شەریكن و هەر لە ژێر رۆشنایی ئەو سێ پرەنسیپەشدا حكوومەت پێكبهێنرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment