ده‌سته‌ی ئاماری ھه‌رێم: عێراق ‌هۆكاری هه‌ڵكشانی ڕێژه‌ی ھه‌ژاری له‌ ھه‌رێمی كوردستاندایه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ فه‌رمییانه‌ی هه‌ن، ژیان و گوزه‌رانی ھاووڵاتییانی ھه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌راورد ناكرێت و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری ھه‌رێمی كوردستانیش ئاشكرای ده‌کات که‌ ڕێژه‌ی ھه‌ژاری له‌ ناوچه‌كانی عێراق زۆر زیاتره‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ھۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ھه‌ژاری و بێكاری له‌ ھه‌رێمه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سیروان محه‌ممه‌د سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری ھه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: ھه‌موو كۆتاییی ساڵێک ڕووپێوێک له‌باره‌ی ڕێژه‌ی بێكاری و ھه‌ژارییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌ڵام له‌ چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا سه‌ره‌ڕای بڕینی مووچه‌ و بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ھێشتا له‌ زۆر ڕوووه‌وه‌ ھه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق زۆر باشتره‌.

ناوبراو به‌ ڕه‌چاوگرتنی ئاماره‌كانی به‌رده‌ستی گوتی: ''ئێمه‌ ھێزی كارمان زیاتره‌ و له‌باره‌ی ھه‌ژارییش ئه‌وه‌ ھه‌رێمی كوردستان به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌راورد ناكرێت."

له‌ ساڵه‌كانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ڕێژه‌ی بێكاری له‌ ھه‌رێمی كوردستان ١٣% بوووه‌، ئه‌وه‌ زیادبوونێكی گه‌وره‌ بوو چوونكه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٥ ڕێژه‌ی بێكاری نیوه‌ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ بوووه‌ به‌ڵام وه‌ک سیروان محه‌ممه‌د ده‌ڵێ: له‌ عێراق تا ئێستا ھیچ ڕووپێوێكی تایبه‌ت به‌ بێكاری ئه‌نجام نه‌دراوه‌ ئه‌وه‌یشی حكوومه‌تی عێراق له‌باره‌ی ڕێژه‌ی بێكارییه‌وه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئاسایشی خۆراک وه‌رگیراوه‌.

ھاووڵاتیانی باشووری عێراق زیاتر له‌ دوو حه‌فته‌یه‌ به‌ هۆی بێكاری و ھه‌ژاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ته‌نگیان به‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌غدا ھه‌ڵچنیوه‌ و ده‌یانه‌وێ ژیانیان باشتر بكرێت و له‌و ھه‌ژاری و ده‌ردیسه‌رییه‌ی تێی كه‌وتوون رزگاریان ببێت و سیروان محه‌ممه‌د له‌وباره‌وه‌ زانیاری ده‌دات و ده‌شڵێت: به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٦ ڕێژه‌ی بێكاری له‌ عێراق وه‌ک ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن ١٥% بوووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ھاووڵاتییانی عێراقی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ڕێژه‌ی بێكاری زۆر له‌وه‌ به‌رزتره‌ كه‌ حكوومه‌ت باسی ده‌كات.

له‌ ھه‌ر وڵاتێک ڕێژه‌ی بێكاری ڕوو له‌ ھه‌ڵكشان بكات له‌ به‌رانبه‌ردا ڕێژه‌ی ھه‌ژارییش به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ھاوته‌ریب ده‌بن و سیروان محه‌مه‌د له‌وباره‌وه‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "ئێمه‌ ده‌توانین ڕێژه‌ی بێكاری به‌ ڕێژه‌ی ھه‌ژارییه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ له‌ عێراقدا چوونكه‌ ڕێژه‌ی ھه‌ژاری له‌ عێراق ٢٤%ه‌ و له‌ ھه‌رێمی كوردستانیش ڕێژه‌ی ھه‌ژاری نزیكه‌ی ١٢% بوو به‌پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٤، ئه‌و ئامارانه‌یش ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كه‌ن كه‌ ڕێژه‌ی ھه‌ژاری له‌ عێراق زۆر زیاتره‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستان، نایشارینه‌وه‌ شه‌ڕی داعش و بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ی ھه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ كاریگه‌رییان ھه‌بوووه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشی ھه‌ژاری و بێكاری له‌ ھه‌رێمی كوردستاندا."

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 26993

Your Comment

You are replying to: .
captcha