کوردپرێس:
ڕۆژی چوارشه‌ممه 25-7-2018 ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گاز به سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیره په‌یوه‌ندیداره‌كان، پارێزگاران، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، وه‌زیری ناوخۆ، نوێنه‌ری ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، دیوانی چاودێریی دارایی، داواكاری گشتی و نوێنه‌ری ئاسایش، كۆ بووه‌وه.
كۆبوونه‌وەکە تایبه‌ت بووە به گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پاڵاوگه بچووكه نایاساییه‌كان، كه به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی تاوەکوو ئێستا كاریان كردووه. لە کۆبوونەوەکەدا وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به ژماره‌ی پاڵاوگەكان، شوێنه‌كانیان و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و دیارده نایاساییه پێشكه‌ش كردووە.
بەپێی راگەیێندراوی حکوومەت، بەشداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه كۆك بوون له‌سه‌ر پێویسته به‌زوویی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و دیارده‌یه، "به‌تایبه‌تی كه ئه‌و پاڵاوگانه بوونه‌ته هۆكاری زیانگه‌یاندێكی گه‌وره به ته‌ندروستى و ژینگه. له‌و باره‌وه چه‌ند نموونه‌یێكی زه‌ق له هه‌ولێر و سلێمانی باسكران كه بەهۆی پاشه‌ڕۆی پاڵاوگەکان زیانی گه‌وره به‌ر سه‌رچاوه‌كانی ئاو و به‌رهه‌می كشتوكاڵی گه‌یشتووه و هۆكاری سه‌ره‌كیشن بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند نه‌خۆشییێكی مه‌ترسیدار".
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە وه‌زارتی سامانه سروشتییه‌كان به هاوكاریی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سه‌رۆكی یه‌كه ئیدارییه‌كان له ده‌رفه‌تێكی نزیكدا به میكانزمێكی پێویستی یاسایی كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن، حكوومه‌تیش رێكاری پێویست به‌رامبه‌ر پاراستنی ژینگه و ته‌ندروستی و ژیانی هاونیشتمانییان بگرێته به‌ر، دواتریش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و رێكاره یاساییانه بۆ رایگشتی بخرێنه ڕوو.
له‌و باره‌وه سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان جه‌ختیان كردووەتەوە، پێویسته ده‌زگا ئیداره‌ییه‌كان به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی جێبه‌جێكردنی وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و پۆلیس به هاوكاریی پارێزگاره‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن له چوارچێوه‌ی ئه‌و میكانیزمانە‌ی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خرانه ڕوو. داواكاری گشتیش راسپێردرا له ڕووی یاسایییه‌وه هاوكاری ئه‌و تیمه بێت.
نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی رایانگەیاندووە "پاراستنی ژینگه و ژیانی هاونیشتمانییان له كاره له پێشینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، چوونكه ژیانی خه‌ڵك و پاراستنی ژینگه له پرسه ئابوورییه‌كان گرنگترن و پێویسته جیاوازی له‌نێوان ژیان و ژینگه‌ی خه‌ڵك، له‌گه‌ڵ دابینكردنی سووته‌مه‌نی بكات".
*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە
Your Comment