بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرلەمانی ئەورووپا راگەیێندراوێکی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا هاتووە، پەرلەمانتارانی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەبەرامبەر گوشارەکان بۆسەر پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا دەربڕی.
ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت: "پەرلەمانتارانی یەكێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی سەرکوت کردنی پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا دەکەن، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکەن دڵنیایی بدات لەوەی تەواوی پارتەکانی ئەو وڵاتە دەتوانن بە ئازادانە و بە تەواوی، چالاکییە رەواکانیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک لەگەڵ بنەما بنچینەییەکانی سیستمێکی فرەیی و دیموکراسی یەکبگرێتەوە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پرۆژە بڕیارەکە بە دەنگی 603 دەنگی پەرلەمانتار پشتگیری لێکرا، دوو پەرلەمانتار دژی بوون و 67 پەرلەمانتارانیش دەنگیان نە "بەڵێ" بوو و نە "نەخێر" بوو. پەرلەمانتاران زۆر بە تووندی سەرکۆنەی داواکەی داواکاریی گشتیی تورکیا دەکەن کە بۆ دادگەی دەستووریی وڵاتی بەرزکردووەتەوە بە مەبەستی داخستنی هەدەپە و قەدەخەکردنی چالاکیی سیاسی لە نزیکەی 500 ئەندامی هەدەپە.
راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەیسەی دژی هەدەپە جوڵێندراوە لووتکەی ئەو مامەڵە تووندەیە کە رووبەڕووی هەزاران ئەندام، بەرپرس، پەرلەمانتار، سەرۆک شارەوانی سەر بەو پارتە بە تۆمەتی جیاواز، بە تایبەتی تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر، بووەتەوە.
پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت، رێگەدان بە هەدەپە بۆئەوەی لە دامەزراوە دیموکراسییەکانی تورکیادا بەشداربێت رێگەیێکی سادەیە تاوەکوو کۆمەڵگەی تورکی زیاتر گشتگیربێت و زەمینەیێکی ئەرێنیش بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لەو وڵاتەدا بێتەئاراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا سەرکۆنەی بڕیاری دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ لابردنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و دانانی قەییوم لە شوێنیان دەکەن. پەرلەمانتارانی ئەورووپا ئاماژە بەوە دەکەن چەندین رێکاری سیاسی، یاسایی و کارگێڕی لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە گیراونەتەبەر بۆئەوەی شکست بە بەڕێوەبردنی کاری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر بهێندرێت کە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بەڕێوەدەبرێن.
پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت، پەرلەمانتارانی یەکێتییەکە داوا لە تورکیا دەکەن کاربکات بۆئەوەی دڵنیایی بدات کە فرەیی لەو وڵاتەدا هەیە و رێز لە ئازادییەکانی رادەربڕین و گردبوونەوەش دەگیرێت و دەشڵێت، ئەو کارانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرامبەر پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەیکەن وادەکەن ئۆپۆزسیۆنی سیاسی نەتوانێت بەتەواوی رۆڵی دیموکراسیانەی خۆی بگێڕێت و مافەکانی بپارێزێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پەرلەمانتارانی ئەورووپا لە رێگەی بڕیارەکەیانەوە داوا لە شاندی یەکێتیی ئەورووپا بۆ تورکیا دەکەن کە چاودێری رەوشەکە بکەن، لەوانەش دادگایی کردنی پرسی کۆبانێ؛ پەرلەمانتارانی ئەورووپی داوا دەکەن، شاندی تورکیا بۆ یەکێتیی ئەورووپا راگەیێندراویان لەبارەی پێشهاتەکان هەبێت و داواش بکەن سەردانی گرتووخانەکان بکەن.
پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت، پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دەدەن کە هەر پێشکەوتنێک لەنێوان برۆکسل و ئەنقەرە و هەر ئۆفەرێک بۆ تورکیا لە لایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، جگە لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە، دەبێت پشت بە باش بوون بە بواری مافی مرۆڤ، سەروەری یاسا و پێکهاتەکان لەو وڵاتەدا ببەستێت.
سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment