مەحموود عوسمان: 30 ساڵە نەتوانراوە پێشمەرگە یەک بخرێتەوە ‌و پێشمەرگە بۆتە هێزی‌ حیزبی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد ڕەخنە لەهەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی 30 ساڵە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە، هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر کۆنترۆڵی حیزب دەربهێنێت‌و ڕێکیان بخاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات كه‌ تورکیا نیازی بەرامبەر کورد بەگشتی‌و هەرێمی کوردستانیش خراپە.

کوردپرێس:

سەبارەت بەجەختکردنەوەی هاوپەیمانان لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەوڵێکە بۆ پشتیوانیکردنی هەرێم تا لەسەر پێی خۆی بوەستێ، پێش ئەوەی ئەمەریکا لەعێراق بکشێتەوە، دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد به‌دەنگی ئەمریکای‌ وتووه‌، "30 ساڵە هەرێم نەیتوانیووە پێشمەرگە یەکبخاتەوە، ئەمە هەڵەیە، پێشمەرگە بووەتە حیزبی و هەر هێزە و سەربە حیزبێکە، لەکاتێکدا دەبێت ئەو هێزانە نیشتیمانی بن، ئێستا لەلایەن دەوڵەتانەوە هەوڵی یەکخستنیان دەدرێت، ئەمە کارێکی باشە، بەڵام نازانم دەوڵەتان لەیەکخستنەوەی پێشمەرگە سەرکەوتوو دەبن یان نە."

له‌باره‌ی‌ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان، ناوبراو ده‌ڵێت، تورکیا زەوی هەرێم دەسوتێنێت، هێرش دەکات، نیازی بەرامبەر کورد خراپە، بەتایبەت سەرۆکی تورکیا هەرێمی کوردستانیش وەکو کوردستانی سوریا سەیردەکات، بەڵام هەرێم بووەتە ئەمری واقیع، وتیشی، "تورکیا دژی لایەنێکی کوردی نیە بەتەنها، بەڵکو دژی کێشەی کوردە بەگشتی."

له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق، دکتۆر مەحمود عوسمان بەدوری نازانێ دوای کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان، ئەمەریکا بیر لە کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق و سوریاش بکاتەوە. ئه‌و بەپێویستی دەزانێت عێراقیەکان بیرلەوە نەکەنەوە ئەمەریکا تاسەر دەمێنێتەوە لە وڵاتەکەیان، بەڵکو دەبێت پشت بەخۆیان ببەستن، چونکە دواجار بەرژەوەندی مانەوە یان کشانەوەی ئەمەریکا دیاری دەکات.

بەبڕوای دکتۆر مەحموود عوسمان، ئەمەریکا کێشەی زۆری لە عێراق بەجێهێشتووە و مانەوە یان کشانەوەی زۆر کاریگەری نابێت، بەڵام بوونیان بۆ شەڕی داعش گرنگە، دەڵێت، "گەر ئەمەریکا بکشێتەوە، تەنها ئەوەی تێدایە کە ئێران باڵادەست دەبێت، ئەمەش بۆ وەزعی عێراق خراپە، ئەگینا ساڵ لەدوای ساڵ وەزعی خراپتر دەبێت، ئەمەریکا لەڕووەکانی ترەوە، شتێکی واینەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

دکتۆر مەحموود عوسمان، پشت ئەستوور بوونی هەرێمی کوردستانی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بەهەڵە وەسفکرد، ئاماژەی بەوەکرد ئەمەریکا لەشەڕی داعش و مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاری هەرێمی کردووە، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە شتێکی وای بۆ کورد پێ نیە، وتی، "دەبێت هەرێم باڵانس لە نێوان ئەمەریکا و ئێران و وڵاتانی تر ڕابگرێت، گەرنا کێشەی بۆ دروست دەبێت."

News Code 2600

Your Comment

You are replying to: .
captcha