بەپێی هەواڵی کوردپرێس،جووتیار عادل وتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی حوزەیرانی 2021 لە راگەیەنراوێکدا رەتیدەکاتەوە ئەو فڕۆکانەی هێرشیان کردە سەر کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا لە هەولێرەوە فڕیبن و دەڵێت، "ئێمە ئەم قسانە رەتدەکەینەوە چوونکە هیچ بنەمایێکیان نییە".
دەقی روونکردنەوەکە:
لەم ڕۆژانەدا یەکێک لە بەرپرسەکانی میلیشای ( کتائب سید الشهداء) بەناوی ئەحمد المکصوص بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە گوایا ئەو فڕۆکە ئەمەریکییانەی هێرشیان کردە سەر میلیشیاکان، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە فڕیون. ئێمە ئەم قسانە ڕەت دەکەینەوە چوونکە هیچ بنەمایێکیان بۆ نییە، بە پێچەوانەوە ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەولێر لەلایەن گرووپە لە یاسادەرچووەکانەوە بووە و ئێستاش ئەم قسانە مانایێکی خراب دەگەینن. هەر هێرشێکی تر بکرێتە سەر هەولێر گومان دەکەوێتە سەر ئەو لایەنەی ئەحمد مکصوص و هاوچەشنەکانی نوێنەرایەتی دەکەن چوونکە ئەمە ڕێخۆش کردن و پاسا و هێنانەوەی پێش وەختەیە بۆ بەئامانج گرتنی هەولێر.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment