ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان  دانپێدانانی فەرماندەیێکی پەکەکە بڵاو دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڤیدیۆی فەرماندەیێکی پارتی کرێکارانی کوردستانی بڵاو کردووەتەوە و باس لە ڕووداوی گیان سپاردنی پێنج پێشمەرگەکەی چیای مەتین دەکات.

کوردپرێس: فەرماندەکەی پەکەکە، وەکوو ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت، ناوی ئینان ئەحمەد میرزا چەلیکە و ناسراوە بە (ئۆزگور ژیاندا)، لەبارەی کوژرانی پێنج پێشمەرگەکەی چیای مەتین ئاماژەی بەوە کرد، "بەپێی زانیارییەکانم، بڕیاری تیرۆرکردنی شەهید غازی و چەند کەسێکی دیکە لە ئاستی باڵای پەکەکە بڕیاری لێدراوە، ئەویش بڕیاربوو ئەو کەسانەی دیاری دەکرێن، سەرەتا ئاگادار بکرێنەوە و دواتر بترسێندرێن، ئەگەرنا لەنێوببرێن".

بەپێی ڤیدیۆی دانپێدانانی ئینان ئەحمەد میرزا چەلیک، لە ساڵی 2008 لەژێر ناوی نهێنیی (ئۆزگور ژیاندا) پەیوەندیی بە ریزەکانی پەکەکە کردووە و "تاوەکوو ساڵی 2010 چەکداری ئاسایی پەکەکە بووم. لە ساڵی 2010 تاوەکوو 2011 پلەی (تیم قۆمیتان) بووم، ساڵی 2011 تاوەکوو 2013 پلەم بەرزکرایەوە بۆ (تاخم قۆمیتان)، ساڵی 2013 تاوەکوو 2016ش پلەم بەرزکرایەوە بۆ (بلۆک قۆمیتان)، ساڵی 2016ش هاتمە هەرێمی کوردستان و پلەم (بلیک قۆمیتان) بوو، لە ساڵی 2017 تاوەکوو 2018ش ئەرکی فەرماندەی (ئەکادیمیای بڕانشا)م وەرگرت. ساڵی 2018 تاوەکوو 2020یش پلەم بەرزکرایەوە بۆ (جەبهە قۆمیتان)، دوایین پلەم لەناو پەکەکە فەرماندەی جەبهەی مەتینا بووم".

بە گوتەی ئۆزگور ژیاندا، لە 9ی حوزەیرانی 2021 وازی لە ریزەکانی پەکەکە هێناوە و خۆی رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.

سەبارەت بە ڕووداوی کوژرانی غازی ساڵح ئالیخان، بەرپرسی ئاسایشی سەرزێڕێ، ئۆزگور ژیاندا لە ڤیدیۆی دانپێدانانەکەدا دەڵێت: "لەڕاستیدا ئەو شەڕەی لە چیاکانی هەرێمی کوردستان روودەدات و هۆکاری هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، پەکەکەیە. پەکەکە خەڵکی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم کە خەریکی کاری رۆژانەی خۆیانن، پەکەکە بە سیخوڕ لەقەڵەمیان دەدات، سزایان دەدات، دەیانکوژێت و شەهیدیان دەکات، یەکێک لەوانە شەهید غازی ساڵح ئالیخان بوو، کە لەسەر ماڵ و نیشتمانی خۆی بوو، ملکەچی داواکارییەکانی پەکەکە نەدەبوو، بۆیە پەکەکە بڕیاری تیرۆر کردنی شەهید غازی و چەند کەسێکی دیکەی دابوو، بەپێی زانیارییەکانم، بڕیاری تیرۆر کردنی شەهید غازی لە ئاستی باڵای پەکەکە بڕیاری لێدراوە، ئەویش بڕیاربوو ئەو کەسانەی دیاریدەکرێن سەرەتا ئاگاداربکرێنەوە و دواتر بترسێندرێن، ئەگەرنا لەنێوببرێن، یەکێک لەوانەش شەهید غازی بوو".

سەبارەت بەو چەکانەی دژی هێزەکانی پێشمەرگە جێگیرکراون، ئۆزگور ژیاندا باس لەوە دەکات "سەبارەت بە رووداوی سەری ئامێدی، پەکەکە ماوەی ساڵێک بوو ئامادەکاریی بۆ لێدانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە کردبوو، رێگاکانی ناوچەکەی هەمووی مینڕێژکردبوو، چەکی قورسیش جێگیرکرابوون، هەروەها چەکەکانی جۆری قەناس، شیار و زاگرۆس ئامادەکرابوون".

ئەو فەرماندەیەی پەکەکە سەبارەت بە رووداوی سەری مەتین زیاتر دەڵێت: هێرشەکە "بە رۆکێتی جۆری شیمەل بوو، ئەم رۆکێتە وەکوو ئامادەکاری بۆ شەڕی هاتنی پێشمەرگە جێگیرکرابوو، لە بەهاری ساڵی 2020 لە کوردستانی سووریا هێنرابوو، لە گردی هەکاری جێگیرکرا و لە ئەکادیمیای شەهید ماهر راهێنانی لەسەر کرا، دوو چەکداری پەکەکە بە ناوەکانی هاروون دەرسیم و ئۆزگور رۆژئاوا لەسەر ئەم چەکە بوون و ئامادەکرابوون بۆ بەکارهێنانی، ئەو جۆرە چەکە بۆ دژە تانک و ئۆتۆمبێلی جۆری زرێپۆش (درع) بەکاردێت، کاتێک پێشمەرگە هاتن بۆ سەری ئامێدی، فەرماندەیێک بەناوی رووبار سەرپەرشتیی شەڕەکەی دەکرد".

ناوبراو پەیامێکیشی ئاراستەی سەرکردایەتی و گەریلاکانی پەکەکە کرد و گوتی "ماوەیێکی درێژە شەڕ لەسەر بنەمای بانگەشە بۆ ئازادیی کوردستان ئەنجام دەدەن، ژمارەیەکی زۆر گەنج بوونەتە قوربانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆتان، بەسە ئیدی، داواکاریم لە ئێوە ئەوەیە واز لەم گەنجانە بهێنن، بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆتان ئەو گەنج و منداڵە تەمەن 15 ساڵیانە، کە نازانن چۆن چەک بەکاربهێنن، بەکوشت مەدەن.. پەیامم بۆ هەڤاڵانم لەناو ریزەکانی پەکەکە ئەوەیە، ئێوە هەموو وەکوو من لەسەر بنەمای ئازادی، تۆڵەکردنەوە و ئازادیی کورد و کوردستان و نیشتمانپەروەری پەیوەندیتان بە ریزەکانی پەکەکە کرد، بانگەوازی من بۆ ئێوە ئەوەیە، پەکەکە لە بنەڕەتدا وانییە و ئێوە هەڵدەخەڵەتێنێت، لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئازادی، لەسەر بنەمای برایەتی و یەکسانی شەڕێک بەڕێوەدەبات، لە بنەڕەتدا راست نییە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2472

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha