بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمادەی یەکەمی رێککەوتنەکەدا پێویستی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان لەنێوان یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان روون کراوەتەوە و باس لەوە کراوە، "لە هەر شوێنێک کورد یەکڕێز و یەکگرتوو بێت سەرکەوتنی زامن کردووە و رەزامەندی گەلیشی بەدەست هێناوە بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پاش چەندین کۆبوونەوە گەیشتنە ئەم رێککەوتنە".
دەقی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان:
یاداشتی هاوپەیمانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان
لە هەر شوێنێک کورد یەکڕێزو یەکگرتوو بێت سەرکەوتنی زامن کردووەو رەزامەندی گەلەشی بەدەست هێناوە بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پاش چەندین کۆبونەوە گەیشتنە ئەم رێککەوتنەی خوارەوە:
ماددەی یەکەم: هاوپەیمانی کوردستان
- بەمەبەستی بەشداریکردن له هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021 یەکێتی نشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بەناوی (هاوپەیمانی کوردستان).
- هەردوولا لە هەموو عێراق کاندیدەکانیان لەژێر ناوی (هاوپەیمانی کوردستان) پێشکەش ئەکەن.
ماددەی دووەم: سەرۆکی هاوپەیمانی
لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەبێت و ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت:
- نوێنەرایەتی هاوپەیمانێتییەکە دەکات لەبەردەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
- سەرپەرەشتی رێکارەکانی خۆتۆمارکردن و پێشکەشکردنی داواکاری و لیستی کاندیدەکان دەکات بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
- سەرپەرەشتی کەمپەینی هەڵبژاردن بە هەماهەنگی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان.
- نوێنەرایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەکە لە کۆڕو کۆبونەوە جەماوەرییەکان، بانگەشەی هەڵبژاردن، هۆیەکانی راگەیاندن، کۆڕو سیمینارو مێزگردو.. هتد دەکات.
ماددەی سێیەم: نوێنەری رێگەپێدراو
نوێنەری رێگەپێدراوی ئەم هاوپەیمانێتییە بەڕێز (دەرباز محەمەد) دەبێت، هەڵدەستێت بە رێکخستنی پەیوەندی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
ماددەی چوارەم: ئەرک و مافی لایەنە بەشداربووەکان
- ئەم هاوپەیمانێتییە خۆویستانەیەو بە رەزامەندی هەردوو لایەن پێکهێنراوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢٠٢١ وە بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی داهاتوو.
- بەرەزامەنی هەردوولا بڕیار ئەدرێت لە بەشداریکردنی هەر لایەن و حزبێکی تر لەم هاوپەیمانێتییە.
- هەردوولا سەرپشکن لە پێشکەشکردنی کاندیدی کاریگەرو بەهێز بۆ بازنەکانی هەڵبژاردن.
- هەردوو لایەنی هاوپەیمانی پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی یەک شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن.
- هاوپەیمانێتییەکە پابەندە بە هەموو رێکارو رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
- لەپاش پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، هەردوولا پابەند ئەبن لەچوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان پێکەوە ئەبن لە هەر بڕیارو بۆچۆنێک سەبارەت بە هەر پێشنیارو پێشهاتێک.
ماددەی پێنجەم: ئامانجەکان
- کاردەکەین لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی پرسی گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
- هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و تەوازن.
- چارەسەر یەکجاری کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک پێویستە بودجەو پشکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە.
- بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان.
ماددەی شەشەم: بازنەکانی هەڵبژاردن
- پارێزگای سلێمانی: جگە لە بازنەی (3) هەڵەبجەو سەیدسادق و پێنجوێن کە بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی نابێت، لە بازنەکانی تر (5،4،2،1) هەریەکەو کاندیدێکی دەبێت.
- کەرکوک: بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی دەبێت.
- هەولێر: بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی رۆژهەڵات و بازنەی کۆیەو خەبات کاندیدی دەبێت.
- یەکێتی لە پارێزگای (سلێمانی، دهۆک، هەولێر، کەرکوک، نەینەوا، سەلاحەدین، دیالە، بەغداد) کاندیدی دەبێت.
ماددەی حەوتەم: کەمپەینی هەڵبژاردن
- هەردوو لایەن بەهەماهەنگی کەمپەین بۆ کاندیدەکان دەکەن.
- میدیای هەردوولا لە خزمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی هەردوولا دەبێت.
- کاروباری لوجستی و رێوشوێنەکانی هەڵبژاردن بۆ هەموو کاندیدەکان وەک یەک دەبێت.
ماددەی هەشتەم: شێوازی هەماهەنگی
- لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ رایکردنی کاروبارەکان پێکدەهێنرێت بەمشێویە:
ا- هەماهەنگکاری پەیوەندییەکان
ب- هەڵبژاردن
ج- راگەیاندن
د- رێکخست و پەیجوری
ه- کارگێڕی و دارایی
- ئەم لیژنە هاوبەشە کۆبونەوەی دەوری و کۆبونەوەی تایبەت بە هەر کارو بارێک دەکات بە سەرپەرەشتی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment