مستەفا چاورەش: هاوپەیمانان زۆرمان لێده‌که‌ن بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی هێزەکانی حەفتای یەکێتی رایگەیاند، هاوپەیمانان فشاری زۆریان لێدەکەن بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پێویستە وەڵامیان بدەنەوە، وتیشی، یەکێتی و پارتی بە هێزی حەفتا و هەشتاوە دەناسرێن، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانە نەبن که‌س حسابیان بۆ ناکات.

کوردپرێس:

مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی حەفتای یەکێتی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خۆیان دەمێکە خەریکن و بەردەوامن و هیچ رێگرییەکیان نییە، دەشڵێت، "ئه‌مە ئیشی رۆژ و دوو رۆژ نییە، به‌ڵکو پێویستی بە کاتی زۆرە و بەردەوامی دەوێت."

لەبارەی بڕیارەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە خستنەسەری هێزەکانی ئەو حزبە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لە بەرامبەردا یەکێتی هیچ هەنگاوێکی لەو جۆرەی نەناوە، مستەفا چاوڕەش وتی، "هێزی پێشمه‌رگە کە یه‌کده‌گرێته‌وە لیوایه‌ک و دووان و فه‌وجێک و دووان نییە به‌ڵکو هه‌زاره‌ها پێشمه‌رگه‌یە له‌به‌ر ئه‌وە، ئه‌وه‌ی ئه‌وان کردوویانە هه‌نگاوێکی باشە و ده‌ستیان خۆش بێت ئێمه‌ش هیوادارین له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا بتوانیین ئه‌و شتانه‌ی کە پێویستە بۆی جێبه‌جێی بکه‌ن."

لە هەفتەی رابردوودا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی داوای لە حزبەکەی کرد دەست بەهەنگاوەکان بکەن تا هێزەکانی حزبەکەی بخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و بە وتەی بەرپرسانی سەربازی پارتی هەنگاوە کردارەکییەکانیان لەوبارەیەوە دەستپێکردووە.

ئاماژەی بەوەش دا، "مه‌سه‌له‌کە هه‌ر یه‌کڕیزی هێزی پێشمه‌رگە نییە، پێش هه‌موو شتێک پێویستە یه‌کێتی و پارتی دڵی خۆیان چاک بکه‌ن و هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسیه‌کان دابنیشن بڕیاری سیاسی لای ئه‌وانه‌وە بیده‌ن"، دەشڵێت، یەکێتی و پارتی بە هێزی حەفتا و هەشتاوە دەناسرێن، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانە نەبن که‌س حسابیان بۆ ناکات.

باسی لەوەش کرد، "بڕیار به‌ده‌ست ئێمە نییە ئێمە له‌سه‌ر و خۆمانه‌وە هاوسه‌رۆکه‌کان هه‌یە ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کان هه‌نگاوی باشیان ناوە، له‌سه‌ره‌تاوە په‌لەپه‌لی ناوێت و ده‌بێت عه‌داله‌تێکیش هه‌بێت له‌هه‌موو ئه‌م ئیشانه‌ی کە ده‌کرێت هیچ لایه‌ک مه‌غدور نه‌بێت."

بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگە ئاشکرایکرد هاوپەیمانان بەڵێنیان پێداون لە حاڵەتی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاری پێشمەرگە بکەن، دەشڵێت، "هیوادارم بتوانین شتێک بکه‌ین بتوانیین خه‌ڵکه‌که‌مان دڵخۆش بکه‌ین و وه‌ڵامی هاوپه‌یمانایش بده‌ینه‌وە کە زۆرمان لێده‌که‌ن و به‌ڵێنی زۆر شتیشیان پێداوین، ره‌نگە هه‌ر ده‌بابە و فڕۆکه‌ی تێدا نه‌بێت."

لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ٧٠ سەر بە یەکێتین و هێزەکانی ٨٠ سەر بە پارتین، چەند لیوایەکی هاوبەشیش لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی هەرێم باس لە هەوڵەکانیان دەکەن بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە، بەڵام تا ئێستا هێزەکان یەک نەخراونەتەوە.

News Code 2383

Your Comment

You are replying to: .
captcha