کوردپرێس:
رۆژی چوارشهممه 9/6/2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و لایەنەكانی پەیوەست بە سیستەمی بایۆمەتری كۆبووەوە.
بەپێی راگەیهنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک لە چوارچێوەی قۆناخی دووەمی بایۆمەتری، لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و میلاکات و رێکخستنەوەی پەیكەری حکوومەتی هەرێم کوردستان دراون.
لای خۆیهوه قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا دەستپێکردنی دروستکردن و دابەشکردنی "ژمارەی بێهاوتای کەسی" راگەیاند، کە بریتییە لە ژمارەیەکی تایبەت بە هەر مووچەخۆرێک و هاوکار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگۆزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلکترۆنی بکرێت.
قوباد تاڵەبانی رونیشیكردۆتهوه، لیژنەی باڵای بایۆمەتریی "هەنگاوی باشیان بڕیوە بەرەو دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بانکەوە بە پشتبەستن بە سیستەمی بایۆمەتری".
جەختیش کراوهتهوه "پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری دەبێت وەک لەیاسای چاکسازیدا هاتووە."
Your Comment