شیکردنەوەی یاسا نوێی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی پەکەکە

بەپێی شیکردنەوەی نەشنال کۆنتێکست، یاسای دوازدە ماددەیی تەنها قۆناغی یەکەمی پرۆسەیەکی چەند قۆناغییە و هەندێک بابەت لەوان پرسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شارەوانییە کوردنشینەکان و چاکسازییە سیاسییەکان بۆ قۆناغەکانی دواتر دواخراون.

کوردپرێس: بەپێی شیکردنەوەی گۆڤاری نەشنال کۆنتێکست، پڕۆژەی یاسای «پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی» تەنها یاسایەک بۆ کۆتاییهێنان بە چاڵاکییەکانی پەکەکە نییە، بەڵکوو چوارچێوەی یاسایی قۆناغی یەکەمی پرۆسەیەکی سیاسی و ئاسایشیی چەند قۆناغییە کە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی درێژخایەنی کوردەکان لە تورکیا و ڕێکخستنەوەی پێکهاتە پەیوەندیدارەکان بە پەکەکە لە ئاستی هەرێمییە. بەپێی ئەم شیکردنەوەیە، گرنگترین تایبەتمەندی یاساکە ئەدەبیات و شێوازی داڕشتنیەتی؛ ئەو ئەدەبیاتەی کە بە ئەنقەست لە بەکارهێنانی وشەکانی وەک «لێخۆشبوون» یان «بەخشین» دوور دەکەوێتەوە، تاکو دەوڵەت بتوانێت ئەم پرۆسەیە وەک لێخۆشبوون لە ئەندامانی پەکەکە پیشان نەدات، بەڵکو وەک جێبەجێکردنی مەرجدارەی یاسا و کۆتاییهێنانی کۆنترۆڵکراوی هەڕەشەیەکی ئاسایشی بناسێنێت.

لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا، حوکمە تاوانییەکان لە سەرەتای جێبەجێکردنی یاساکە هەڵناوەشێندرێنەوە، ناونیشانی تاوانەکان ناگۆڕدرێت و بەرپرسیارێتیی تاوانیی تاکەکانیش دەستبەجێ کۆتایی نایەت. دەوڵەت پەڕگەی دادوەریی ئەو کەسانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە بۆ ماوەی پێنج یان دە ساڵ کراوە دەھێڵێتەوە و ئەگەر کەسێک دووبارە بگەڕێتەوە بۆ چاڵاکییە تیرۆریستییەکان، ئەگەری چالاککردنەوەی پەڕگەکە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، نەشنال کۆنتێکست پێی وایە کە ئەنجامی کۆتایی ئەم میکانیزمە لە ڕاستیدا زۆر لە لێخۆشبوونێکی ڕێکخراو نزیکە؛ چونکە ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ بکرێن، لێکۆڵینەوەکان ڕادەگیرێن، دادگایییە بەردەوامەکان کۆتاییان پێ دێت، زیندانییەکان ئازاد دەکرێن، حوکمەکان بە جێبەجێکراو دادەنرێن و سنووردارییەکانی لێکەوتوو لە حوکمەکانیش لەناودەچن. بە واتایەکی دیکە، دەوڵەت لە قۆناغی یەکەمدا بەرپرسیارێتیی تاوانی وەک گەرەنتی پابەندبوونی تاکەکان دەپارێزێت، بەڵام دوای کۆتایی هاتنی ماوەی چاودێری، هەمان بەرپرسیارێتی دەبێتە هۆی داخستنی تەواوی پەڕگەی دادوەری.

ئەم ڕاپۆرتە پاشان ئەم مۆدێلە بە پرۆسەی ئاشتی ئیرلەندای باکوور بەراورد دەکات. لە ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٩٨دا، بازنەی ئازادکردنی زیندانییەکان زۆر فراوانتر بوو و تەنانەت ئەوانەی بە تاوانی کوشتن یان حوکمی هەمیشەزیندان تاوانبار کرابوونیش دەیانتوانی سوودمەند بن. ئازادکردنی ئەوانیش پێش هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سوپای کۆماری ئیرلەندا (IRA) و بەبێ چاوەڕوانیکردن بۆ تەسلیمکردنی هەموو چەکەکان دەستی پێ کرد. هەرچەندە ئەو تاوانبارانە هێشتا لە ژێر سیستەمی «ئازادی مەرجدار»دا مابوونەوە و هەر ساتێک ئەگەری گەڕاندنەوەیان بۆ زیندان هەبوو. لە بەرامبەردا، یاسای تورکیا مەرجی زۆر توندتر بۆ چوونە ناو ئەم پرۆسەیە داناوە. هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراو و تەسلیمکردنی چەکەکان دەبێت سەرەتا پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوانەی بە کوشتنی ئەنقەست تاوانبار کراون لە بازنەی یاساکە دەرکراون و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش لەم قۆناغەدا یاساکە ناگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ئەو کەسانەی مەرجەکان تێدایە، یاسای تورکیا لە کۆتایی ڕێگاکەدا بارودۆخێکی یاساییی یەکلاکەرەوەتر دروست دەکات؛ چونکە دوای تێپەڕبوونی پێنج یان دە ساڵ، لێکۆڵینەوەکان داخراو دادەنرێن، پێداچوونەوە دادوەرییەکان کۆتاییان پێ دێت و حوکمەکان بە جێبەجێکراو دادەنرێن. هەروەها، یاسای تورکیا تەنها زیندانییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە هێشتا حوکمیان بەسەردا نەدراوە. لەم ڕوانگەیەوە، جیاوازیی سەرەکیی نێوان هەردوو مۆدێلەکە لە ڕیزبەندی قۆناغەکان و بازنەی شمولیانە؛ ئیرلەندای باکوور ئازادییەکی خێراتر و فراوانتری دابین کرد، بەڵام تاوانبارەکانی لە ژێر چاودێریی بەردەوامدا هێشتەوە، لە کاتێکدا تورکیا گرووپێکی سنووردارتر دوای جێبەجێبوونی مەرجە توندەکان خستووەتە ناو پرۆسەکە و بۆیان ڕێگایەکی دیاریکراوی بەرەو داخستنی تەواوی پەڕگەی دادوەری کێشاوە.

نەشنال کۆنتێکست جەخت لەوە دەکاتەوە کە گرنگیی ڕاستەقینەی ئەم یاسایە لە دەربڕینی «قۆناغی یەکەم»دا خۆی دەبینێتەوە. لە هۆکارنامەی فەرمیی یاساکەدا بە ڕوونی هاتووە کە ئەم ڕێوشوێنانە تەنها یەکەمین قۆناغی کۆمەڵێک چاکسازیی یاسایی پێویستن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەن و پەرلەمان دەتوانێت بەگوێرەی پێشکەوتنی پرۆسەکە، چاکسازی یان یاسای نوێ پەسەند بکات. لەبەر ئەوە، بێدەنگی یاساکە لەسەر بابەتە هەستیارەکانی وەک بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، فەرماندە باڵاکانی پەکەکە، ئەو تاوانبارانەی بە کوشتنی ئەنقەست حوکمدراون، هەندێک لە زیندانییە کۆنەکانی حوکمی هەمیشەزیندان، سیستەمی بەڕێوەبردنی شارەوانییە کوردنشینەکان لەلایەن قەیمی دەوڵەتەوە، چاکسازییە سیاسییەکان و مافە مەدەنییەکان، گەڕانەوەی کۆمەڵایەتیی ئەندامانی پێشووی ڕێکخراوەکە، هەروەها داهاتووی پێکهاتە هەرێمییە پەیوەندیدارەکان بە پەکەکە، نابێت بە واتای لابردنی هەمیشەیی ئەم بابەتانە لێک بدرێتەوە؛ بەڵکو ئەم پەڕگانە بۆ قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە دواخراون.

بەپێی بۆچوونی نەشنال کۆنتێکست، وتەکانی بەرپرسانی تورکیا لە ٥ی ئاب هەمان تێگەیشتن بەهێزتر دەکات. دەوڵەت باغچەلی، بە ئاماژەکردن بە پێویستی دۆزینەوەی ڕێچارەیەکی جیاواز بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ڕاستیدا پیشانی دا کە بارودۆخی سەرکردەی پەکەکە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو دوازدە ماددەیەی ئێستادا تاوتوێ دەکرێت. ئاماژەکەی بۆ شارەوانە لابراوەکانیش پیشان دەدات کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئەگەری پێداچوونەوە بە سیستەمی دانانی قەیمی دەوڵەت بەسەر شارەوانییە کوردنشینەکاندا هەیە. هەمان کات، یاشار گولەریش باس لە ئەگەری باشترکردنی هەنگاو بە هەنگاوی بارودۆخی کرداریی ئۆجەلان کردووە؛ بەو مانایەی کە پێش هەر گۆڕانکارییەکی یاسایی لە بارودۆخی، ئەگەری فراوانکردنی دەستڕاگەیشتنی بە چاوپێکەوتن، پەیوەندییەکان و چاڵاکییە گشتییەکان لە ڕێگەی بڕیارە ئیدارییەکانەوە هەیە، لە کاتێکدا هەر گۆڕانێک لە حوکمی زیندانیبوونی پێویستی بە پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ هەیە. بەم بنەمایە، نەشنال کۆنتێکست ئەو ئەنجامە دەدات کە پرۆسەی داهاتوو بە زۆری بەم شێوەیە پێش دەچێت: سەرەتا بارودۆخی یاساییی ئەندامانی سەرەکیی ڕێکخراو یەکلا دەکرێتەوە، پاشان لە قۆناغەکانی دواتردا بابەتەکانی سەرکردەکان، زیندانییە هەستیارەکان، بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان و بوارە سیاسییەکەی کوردەکان تاوتوێ دەکرێن.

شیکردنەوەکە هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە بازنەی ئەم یاسایە تەنها لە ناو سنوورەکانی تورکیادا سنووردار نییە. دەقی یاساکە ناوی پەکەکە، ک.ج.ک و هەموو ئەو پێکهاتانە دەهێنێت کە پەیوەندیدارن یان ژێردەستی ئەوانن و لە پێشەکیی هۆکارنامەکەشدا ئامانجی ئەم پرۆسەیە دروستکردنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەی دەوروبەری تورکیا ناسێنراوە. لەبەر ئەوە، یاساکە ڕەهەندێکی هەرێمی هەیە و عێراق، سووریا و ئێرانیش دەگرێتەوە؛ ئەو ناوچانەی کە بەپێی بۆچوونی دەوڵەتی تورکیا، ژێرخانی سەرەکیی سەربازیی پەکەکە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا تێیاندا دروست بووە و ئەنقەرە هەندێک لە گرووپە کوردییە چاڵاکەکانی ئەم وڵاتانە بە بەشێک لە تۆڕی فراوانتری پەکەکە دادەنێت.

لە ڕوانگەی نەشنال کۆنتێکستەوە، ئەم یاسایە هەوڵی بەدیهێنانی دوو ئامانجی هاوکات دەدات. یەکەم، دروستکردنی ڕێگایەکی یاسایی بۆ گواستنەوەی ئەندامانی پەکەکە لە چاڵاکیی چەکداری بۆ ژیانی مەدەنی و سیاسەتی یاسایی لە ناوخۆی تورکیا، و دووەم، هەڵوەشاندنەوە یان ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی دەرەوەی سنووری پەکەکە لە تەواوی ناوچەکەدا. بەڵام هەر ئەم بەشە هەرێمییەش، لە هەمان کاتدا، گەورەترین ناڕوونی و گومان لەسەر یاساکە دروست دەکات.

یاسا بە ڕوونی دیاری نەکردووە مەبەست لە «کۆتاییهێنان بە بوونی کرداریی» ڕێکخراو و هەموو پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی چییە. ئەم دەربڕینە دەتوانێت بە واتای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هەموو لق و پێکهاتە پەیوەندیدارەکان بێت، یان تەنها مەبەستی لابردنی فەرماندەیی ناوەندیی پەکەکە، کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی سەربازی لەسەر تورکیا و سەربەخۆبوونی پێکهاتە هەرێمییەکان لە فەرماندەیی ناوەندی بێت. هەرچەندە دەقی یاساکە زمانێکی ڕەهای هەیە، بەڵام دیاریکردنی ئەوەی ئەم مەرجانە هاتوونەتە دی یان نا، خراوەتە ئەستۆی دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی؛ بابەتێک کە دەوڵەت دەسەڵاتی ئەوەی پێدەدات خۆی دیاری بکات کەی پرۆسەکە گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی گەڕانەوەی لێ نامۆمکین بێت.

لە بەشی تایبەت بە سووریا، شیکردنەوەکە دەڵێت چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی پرۆسەی تێکەڵبوونیان لە پێکهاتەی دەوڵەتی سووریا دیاری کراوە، بەڵام یاسای تورکیا ڕوون ناکاتەوە کە ئایا پچڕانی پەیوەندیی ڕێکخراوەیی ئەم هێزانە لە پەکەکە بۆ ئەنقەرە بەس دەبێت، یان لە کۆتاییدا تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواویان یان تێکەڵکردنی تەواویان لە دامەزراوە فەرمییەکانی سووریا دەکات. لەبارەی لقەکانی دیکەی پەکەکەیش هەمان دۆخ هەیە؛ هەرچەندە ئەوان چاڵاکییان لە ناو خاکی تورکیا نەکردووە، بەڵام ئەنقەرە ئەوان بەشێک لە تۆڕی پەیوەست بە پەکەکە دادەنێت و ڕایگەیاندووە کە چاودێری چاڵاکییەکانیان دەکات.

لە کۆتاییدا، نەشنال کۆنتێکست ئەو ئەنجامە دەدات کە دەبێت یاسای دوازدە ماددەیی وەک بناغەی یاساییی پرۆسەیەکی فراوانتر و چەندقۆناغی سەیر بکرێت. ئەم یاسایە لە قۆناغی یەکەمدا، هەڵوەشاندنەوەی پشتڕاستکراوی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی پەکەکە بە ڕێگایەکی مەرجدار بۆ دەرچوون لە بەرپرسیاریەتی تاوانباری بۆ بەشێکی زۆر لە ئەندامان و تۆڕی مەدەنیی پەیوەندیداری دەبەستێتەوە. هەرچەندە ئەم میکانیزمە بە زمانی ئەمنی نووسراوە و بە ئەنقەست لە بەکارهێنانی وشەی «لێخۆشبوون» خۆی دوور گرتووە، بەڵام لە کردەوەدا بۆ ئەو کەسانەی مەرجەکان تێدا دێن، بە ئەنجامێکی زۆر نزیک لە لێخۆشبوونێکی ڕێکخراو دەگات.

بەڵام گرنگترین بابەتە سیاسی و هەرێمییەکان، لەوانە بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، فەرماندە باڵاکان، شارەوانە لابراوەکان، زیندانییە لە یاساکە دەرهێنراوەکان، هەروەها داهاتووی پێکهاتە کوردییەکان لە عێراق و سووریا، هێشتا بۆ قۆناغەکانی داهاتووی گفتوگۆ و بڕیارە سیاسییەکان دواخراون. لەبەر ئەوە، ئەم یاسایە کۆتاییی پرۆسەکە نییە، بەڵکو دەستپێکی پرۆژەیەکی سیاسی و ئەمنیی فراوانترە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناوخۆی تورکیا و پێناسەکردنەوەی شوێنی پێکهاتە پەیوەندیدارەکان بە پەکەکە لە ئاستی هەرێمدا.

News ID 227669

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha