بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم کۆڕبەندە هاوكات بوو لەگەڵ پەردەلادان لەسەر نوێترین وەرگێڕانی فارسیی ئەم شاکارە کە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی سەقزی «عەبدولخالق ڕەحمانی»ییەوە ئەنجامدراوە. ئەم کتێبە ۲۰۵ لاپەڕەیییە، دوای سێ ساڵ لە لێکۆڵینەوە و ماندووبوون، لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی «بیریار»ەوە چاپی لێکراوە.
لە کۆڕەکەدا، عەبدولخالق ڕەحمانی ئاماژەی بە پرۆسەی وەرگێڕانی بەرهەمەکە کرد و ڕایگەیاند کە «مەم و زین» تەنها چیرۆکێکی دڵداریی ئاسایی نییە، بەڵکوو بەرهەمێکە قووڵاییی عیرفانی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی لەخۆدەگرێت. ئاماژەشی بەوە دا کە ئەم بەرهەمە لە ساڵی ۱۶۹۲ی زاینیدا بە دیالێکتی کرمانجی نووسراوە و تا ئێستا وەرگێڕانی بۆ گەلێک زمانی جیاوازی جیهان بۆ کراوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، «عەبدوڵڵا لەتیفپوور» تیشکی خستە سەر پێگەی ئەحمەدی خانی و وەک بیرمەندێک ناوی برد کە لە سنووری شاعیربوون تێپەڕیوە. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی بەستنی کۆنگرەی زانستی کردەوە بۆ قووڵبوونەوە لە ئەندێشەکانی خانی و باسی لەوە کرد کە «مەم و زین» بەرهەمێکی ناسنامەبەخشە و ئازارە مێژووییەکانی گۆڕیوە بۆ ئومێد و هاوپشتی.
لای خۆشییەوە، «حەسەن ئابیار» سەرنجی خستە سەر قورسیی وەرگێڕانی بەرهەمە چەند توێژەکان و ئاماژەی بەوە دا کە وەرگێڕانی فارسیی ئەم شاکارە هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ ناساندنی بە فارسیزمانان، هاوکات دەبێتە هۆی دروستکردنی خولیا تا بگەڕێنەوە سەر دەقە ئەسڵییە کرمانجییەکە.
لە بەشێکی دیکەدا، «عابد حوسێنی» ئەحمەدی خانی وەک هێمای ناسنامە و هۆشیاریی کلتووریی کورد وەسف کرد و گوتی: «مەم و زین بەرهەمێکی فەلسەفی، عیرفانی و ناسنامەتەوەرە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی زمان و کلتووری کوردییدا بینیوە.» هەروەها جەختی لە گرنگیی ناسین و خوێندنەوەی بەرهەمەکانی خانی لەلایەن نەوەی نوێوە کردەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، «سروە حوسێنی» چەند پارچە شێعرێکی بە ناوەڕۆکی کلتووری و کۆمەڵایەتی خوێندەوە، و بەرنامەکە بە پێشکەشکردنی چەند بڕگەیەکی موزیک و ڕێزلێنان لە وتاربێژان، وەرگێڕ و ڕێکخەرانی کۆڕەکە کۆتایی پێهات.
Your Comment