ئۆزگور ئۆزەل حزبێکی نوێیی بە ناوی (Yeni Parti) دامەزراند

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەگەڵ ۹۰ پەرلەمانتاری جەهەپە بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە پارتەکە راگەیاند و بەپێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەزارەتی ناوخۆ، پارتییەکی نوێیان بە ناوی "پارتی نوێ" (Yeni Parti) دامەزراند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی هەوڵە یاساییەکانی ناو جەهەپە بێئەنجام بوون، ئۆزگور ئۆزەل بڕیاری کۆتایی دا و لە جەهەپە جیابووەوە.

رۆژی پێنجشەممە ۲۴ی تەممووز، ۹۰ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا ئیمزایان بۆ دەستەی دامەزرێنەری پارتییە نوێیەکە کۆکردەوە و بەهۆی ئەم دەستلەکارکێشانەوە بەکۆمەڵەی پەرلەمانتارانەوە، ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە ۱۳۵ کورسییەوە بۆ ۴۴ کورسی دابەزی.

بەیانی ڕۆژی هەینی، ۲۵ی تەممووز، داواکاریی فەرمیی دامەزراندنی "پارتی نوێ" رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کرا.

ئۆزگور ئۆزەل پێش ناردنی داواکارییەکەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە لە کاتی ئیمزا کردنی داواکارییەکەدا و گوتی: "بەهیوای خێر و بەرەکەت بۆ نیشتمان و گەلەکەمان."

بریار وایە هەر ئەمرۆ، دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی نوێ  کۆببنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی گشتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.

جەهەپە کە کۆنترین پارتی سیاسیی کۆماری تورکیایە و لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە ساڵی ۱۹۲۳ دامەزراوە، لە دوای ۳۸یەمین کۆنگرەی ئاسایی تووشی قەیرانی ناوخۆیی و کێشەی یاسایی گەورە بووەوە.

بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەی بەڕێوەبەری و گۆڕانکارییەکانی کۆنگرە ۳۸ی حیزبەکە، بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی قووڵ لە نێو ناو پارتەکەدا، کە سەرەنجام بە جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل و دروستکردنی پارتییەکی نوێ لە پەرلەماندا کۆتایی هات.

News ID 227616

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha