بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێلیزا مارکوس، ڕۆژنامەنووس و توێژەری ئەمریکی و نووسەری پەڕتووکی "خوێن و بڕوا"، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "پەرسپێکتیڤ"، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە جیاواز لە هەموو هەوڵەکانی پێشوو وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمجارەیان دەستپێشخەرییەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەستی پێکردووە.
مارکوس پێیوایە گرنگترین جیاوازیی پرۆسەی ئێستا لەگەڵ دانوستانەکانی ڕابردوودا ئەوەیە کە ئۆجەلان پێش وەرگرتنی هەر بەڵێنێک لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و داماڵینی چەکی لە پەکەکە کردووە. بە وتەی ئەو، لە کاتێکدا پێشتریش پەیوەندی و گفتوگۆکان بەردەوام بوون، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، هەردوولا بە کردەیی چوونە قۆناغێکەوە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن تێیدا جدیتر دەبینرێت.
ئەم توێژەرە دوو هۆکاری سەرەکی بۆ بڕیارەکەی ئۆجەلان لە دەستپێکردنی ئەم ڕێگەیە دەستنیشان دەکات؛ یەکەم: گۆڕانی هاوسەنگیی سەربازی بە زیانی پەکەکە. بە وتەی ئەو، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای سەربازیی تورکیا لە دەیەی ڕابردوودا، توانای ئۆپراسیۆنیی ئەم ڕێکخراوەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا پاشەکشەی پێکردوون. لە ئەنجامدا، بەشە سەرەکیی شەڕەکان گواسترایەوە بۆ چیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام لەوێش هێزەکانی پەکەکە نەچار بوون زیاتر بە شێوەی نهێنی چالاکی بکەن. لە ڕوانگەی مارکوسەوە، ئەم دۆخە توانای مانۆڕ و چاوچنۆکیی ئەنقەرەی بەرزکردەوە و دەرفەتی بە حکومەتی تورکیا بەخشی کە پێش هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی، داوای چەکدانان بکات.
بە بڕوای ئەو، هۆکاری دووەم گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکەیە. مارکوس دەڵێت هەرێمی کوردستانی عێراق دیکە وەک دەیەکانی هەشتا و نۆوەدەکان ناوچەیەکی گونجاو نییە بۆ جێگیرکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە، بەڵکو بووەتە پێکهاتەیەکی سیاسیی دانپێدانراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەم هۆیەوە، ئامادەیی پەکەکە لەم ناوچەیەدا زیاتر لە ڕابردوو بووەتە ئاڵۆزی و کێشە بۆ حکومەتی هەرێمیش و مەودای جوڵەی ئەو ڕێکخراوەی سنووردار کردووە.
هەروەها مارکوس گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی شێوەگرتنی پرۆسەی نوێی ئاشتی دەزانێت. بە وتەی ئەو، بەردەوامیی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە ئاستەنگێکی جدی بوو لەسەر ڕێگەی دروستبوونی پەیوەندی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا؛ پەیوەندییەک کە دەیتوانی یارمەتیدەر بێت بۆ زیاترکردنی شەرعیەت و ئاسایشی ناوچەکە. ئاماژە بەوەش دەکات کە تورکیا هەمیشە بوونی پەکەکەی وەک یەکێک لە پاساوەکانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سوریا بەکارهێناوە. لەبەر ئەوە، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەنقەرە بۆ داهاتووی ڕۆژئاواش گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مارکوس پێیوایە دانانی چەک ئاسانترین بەشی ئەم پرۆسەیەیە و تەحەدی و ئاڵۆزییە سەرەکییەکە تازە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ دەست پێدەکات. ئەو دەڵێت پرسی بنەڕەتی ئەوەیە کە پەکەکە دوای وازهێنان لە خەباتی چەکداری چۆن پێناسەی نوێ بۆ خۆی دەکاتەوە. بە بڕوای ئەو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان تا ئێستا وردەکارییەکی ڕوونی دەربارەی پەیکەرەی داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە نەخستووەتەڕوو و ڕوون نییە ڕێکخراوێک کە دەیان ساڵ شەرعیەت و هەژموونی خۆی لەسەر بنەمای خەباتی چەکداری بینا کردووە، لەمەودوا بە چ بەرنامە و ناسنامەیەکەوە لە چالاکی بەردەوام دەبێت.
ئەم توێژەرە ئاگاداری دەدات کە ئەگەر پەکەکە دەیەوێت دوای کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری هێشتا ڕۆڵێکی کاریگەر لە سیاست کرددا بگێڕێت، ناچارە ستراتیژێکی سیاسیی تۆکمە و بەرنامەیەکی کردەیی ڕوون بۆ قۆناغی نوێ دابڕێژێت.
مارکوس قورسترین قۆناغی پرۆسەی ئاشتی نەک داماڵینی چەک، بەڵکو تێکەڵکردنەوەی سیاسیی هێزەکانی پەکەکە دەزانێت. دەڵێت چەکدانان پرۆسەیەکە دەکرێت پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام گەڕاندنەوەی هەزاران ئەندامی مەشقپێکراو و ڕێکخراوی ئەم کۆمەڵەیە بۆ ناو ژیانی سیاسی و مەدەنی، ئاڵۆزییەکی زۆر قووڵتر دەبێت. بە بڕوای ئەو، زۆرێک لە ئەندامانی پەکەکە کە ساڵانێکی درێژ لە چیاکاندا بوون، خۆیان بە شایستەی گێڕانی ڕۆڵی سەرکردایەتی لە سیاسەتی کوردی تورکیادا دەزانن، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا پەیکەرەی سیاسیی تورکیا ئامادەیی قبوڵکردنی گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیەی هەیە یان نا.
لە بەشێکی دیکەی ئەم چاوپێکەوتنەدا، مارکوس بە ئاماژەدان بە ئەزموونی شکستی پرۆسەی ئاشتیی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥، گەڕانەوەی پەکەکە بۆ خەباتی چەکداری دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەدەپە بە "هەڵەیەکی مێژوویی" وەسف دەکات. ئەو پێیوایە ئەم ڕێکخراوە دەیتوانی بە ڕاگرتنی ئاگادابڕان و تەرکیزکردن لەسەر چالاکیی سیاسی، سوودی زیاتر لەو کەشە ئیجابییە وەربگرێت کە لە خەباتی دژی داعش و سەرکەوتنی هەڵبژاردنی کوردەکانەوە هاتبووە ئاراوە، بەڵام هەڵبژاردنەوەی شەڕ بووە هۆی لەدەستدانی ئەو دەرفەتە.
بە وتەی مارکوس، گرنگترین ڕاسپاردە بۆ پەکەکە لە بارودۆخی ئێستادا ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر دانوستانەکان بە خاویش بەڕێوە بچن، پابەندی ڕێگەی ئاشتییانە بێن؛ چونکە متمانەی دوولایەنە تەنها کاتێک دروست دەبێت کە لایەنەکان نیشانی بدەن لە دۆخە سەختەکانیشدا پەنا بۆ توندوتیژی نابەنەوە.
Your Comment