بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گەلف کیستۆن لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی شێخان بۆ ۵۵ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێک بەرز دەکرێتەوە، لە ماوەی ۱۲ تا ۱۸ مانگی داهاتوو، ئەمەیش لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە تەنیا ۳۵ هەزار و ۲۹۸ بەرمیل نەوت لە کێڵگەکە بەرهەم دەهێنرا و بڕی ۹۱ ملیۆن دۆلاری سەرمایەی تێدا وەگەڕ خرا، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە دووپات لەوە دەکاتەوە کە تێچووی پێویست دەگاتە ۱۵۰ تا ۱۷۵ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، تا لە ۲۰۱۹ بتوانن بەرهەمی ڕۆژانەی بگەیەننە ۵۵ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئاماژەی داوە، بەرزکردنەوەی توانای کێڵگە نەوتییەکە لە ئەنجامی لێدانی بیری تازە و پەرەپێدانی بیرە هەڵکۆڵراوەکانی پێشوو دێت، ئێستەیش ڕۆژانە توانای بەرهەم لەم کێڵگە نەوتییە دەگاتە ۴۰ هەزار بەرمیل.
نەوتی کێڵگەی شێخان ئێستە دەنێردرێتە فێشخاپوور و لەوێ تێکەڵ بە بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەکرێ، بڕیارە کۆمپانیای گەلف کیستۆن بۆڕییەکی نەوتیش لە شێخانەوە بۆ کێڵگەی نەوتی ئەترووش دروست بکات، تا بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە بە بۆڕی بگەیەنێتە ناو بۆڕیی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا.
هەریەک لە کۆمپانیای گەلف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێلی هەنگاری و تەکساس کیستۆن وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی شێخان دەکەن و زۆرینەی ڕەهای پشکەکانیشی خاوەندارییان بۆ گەلف کیستۆن دەگەڕێتەوە.
Your Comment