بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ ڕۆژاوای ئاسیا، کورد چیتر تەنیا دۆسیەیەکی ئەمنی یان هاوپەیمانێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو بووەتە بەشێک لە تۆڕی پەیوەندیی نێوان عێراق، سووریا و تورکیا. لەم مۆدێلەدا، ئەمریکا هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی ڕۆڵی حکوومەتە ناوەندییەکان، پارتە سەرەکییەکانی کورد وەک ئەکتەری تەواوکەر بۆ پێشخستنی ڕێڕەوەکانی وزە، بازرگانی و بەڕێوەبردنی سیاسیی ناوچەکە بەکاردەهێنێت.
پەرەسێندنەکانی دوو ساڵی ڕابردوو نیشان دەدەن کە واشنتۆن خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکی نوێیە بۆ عێراق، سووریا و تورکیا؛ پلانێک کە تەوەرەکەی چیتر ئامادەیی سەربازیی بەربڵاوی ئەمریکا نییە، بەڵکوو بەستنەوەی ئابووری، ڕێڕەوەکانی وزە، بازرگانیی هەرێمی و سپاردنی بەرپرسیارێتیی ئەمنییە بە هاوپەیمانە خۆجێییەکان. لەم چوارچێوەیەدا، تورکیا دەبێتە دەروازەی سەرەکیی گواستنەوەی وزە و بازرگانی، عێراق دەبێتە بێشەی سەرچاوەکانی وزە و سووریاش دەبێتە ڕێگەی پێکهێنانی پەیوەندی بە دەریای ناوەڕاستەوە.
لەەم ناوەندەدا، کوردیش پێگەیەکی نوێی دۆزیوەتەوە. ئەوان نەک وەک بلۆکێکی یەکگرتوو، بەڵکوو وەک کۆمەڵێک ئەکتەری جیاواز کە هەر لایەنێکیان کارکردێکی جیاوازی هەیە، لەم نەزمە نوێیەدا پێناسە دەکرێن.
لە عێراقدا، ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانی جیاوازییان لە نێوان دوو پارتە سەرەکەیەکەی کوردستاندا کردووە. پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری کێڵگە نەوتییەکان، دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جیهان، هێشتا وەک ئەکتەری سەرەکیی بواری نەوت و بازرگانی لەگەڵ تورکیادا ئەژمار دەکرێت.
لەکاتێکدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهۆی چڕبوونەوەی سەرچاوەکانی گازی سروشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، گرنگییەکی ڕۆژاوڕۆژ زیاتری پەیدا کردووە. پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و پڕۆژەکانی گواستنەوەی گاز، ئەم پارتەی کردووەتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی بەرنامەی نوێی وزەی عێراق و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بەغدا بە گازی ئێران.
هاوکات، پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە، پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی گۆڕیوە. لە ڕابردوودا نزیکایەتیی ئەم پارتە لە پەکەکە بۆ ئەنقەرە وەک هەڕەشەیەک دەبینرا، بەڵام ئێستا دەکرێت هەر ئەم پەیوەندییە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD) و حکوومەتی تورکیادا ڕۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت.
ئەم گۆڕانکارییە بە واتای کەمبوونەوەی گرنگیی پارتی دیموکرات نییە، بەڵکوو نیشان دەدات کە هەر یەک لە دوو پارتەکەی کوردستانی عێراق ئەرکێکی جیاوازیان لە نەزمە نوێیەکەدا پێسپێردراوە؛ پارتی دیموکرات لە بواری نەوت، بازرگانی و پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا، و یەکێتیی نیشتمانی لە بواری گاز و بەڕێوەبردنی دۆسیە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە پەکەکە و باکووری سووریاوە.
ئەم مۆدێلە لە سووریاشدا دەبینرێت. گفتوگۆکانی تایبەت بە داهاتووی کوردی سووریا چەندین جار نەک لە دیمەشق یان واشنتۆن، بەڵکوو لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوەچوون. دیدارەکانی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، نیشانی دەدات کە هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی سەرەکیی هەماهەنگیی دۆسیە کوردییەکان لە ناوچەکەدا.
لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، ئامانجی کۆتایی هێشتا بەهێزکردنی حکوومەتە ناوەندییەکانە؛ هەر بۆیە ئەمریکا جەخت لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناو پێکهاتەی حکوومەتی دیمەشقدا دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە هێشتا پێویستی بە تۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد هەیە.
لە ئەنجامدا، کورد لە داڕشتنە نوێیەکەی ئەمریکادا ڕۆڵی «چینی بەستنەوە» دەگێڕێت؛ نەک کۆڵەکەی سەرەکەیی نەزمی ناوچەکە و نە ئەکتەرێکی سەربەخۆ لە حکوومەتەکان، بەڵکوو ئەڵقەیەک کە ڕێڕەوەکانی وزە، بازرگانی، دانوستانە سیاسییەکان و پەیوەندیی نێوان عێراق، سووریا و تورکیا بە یەکەوە گرێ دەدات.
ئەم نیشانمژە (تێڕوانینە) هۆکاری ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی چەقبەستوویی درێژخایەنی پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی دەرەکیی جیدی؛ چونکە لە ڕوانگەی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانەوە، تا ئەو کاتەی هەناردەکردنی نەوت، پەرەپێدانی پڕۆژەکانی گاز و کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان پارتە کوردییەکان بەردەوام بێت، وەستانی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی نابێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ستراتیژی گەورەی ناوچەیی.
بە گشتی، پێگەی کورد لە ستراتیژی نوێی ئەمریکادا لە «دۆسیەیەکی ئەمنی»یەوە بۆ هۆکارێکی بەستنەوەی جیۆپۆلەتیکی بەرزبووەتەوە؛ ئەکتەرانێک کە هەرچەندە تەلارسازی نەزمە نوێیەکە نین، بەڵام بێ ئەوان بەستنەوەی عێراق، سووریا و تورکیا لە چوارچێوەی ستراتیژی ئابووری و وزەی واشنتۆندا ڕووبەڕووی دژواری دەبێتەوە.
نەشناڵ کانتێکست
Your Comment